ئیسپانیاگرنگترین

ڤینیسیۆس جۆنیۆر هەڕەشەی جێهێشتنی ریال مەدرید دەکات

یاریگا –

ئەم بابەتە بەردەوام نوێدەکرێتەوە…

ئەستێرەی بەڕازیلی ڤینیسیۆس جۆنیۆر هەڕەشەی جێهێشتنی ریال مەدرید دەکات لەم هاوینەدا.

رۆژنامەی OUL ی بەرازیلی بڵاویکردووەتەوە، ڤینیسیۆس بەنیازە چاوپێکەوتنێک رێکبخات و تیایدا هەرەشەی جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید بکات لە کۆتایی ئەم وەرزەدا.

دوێنێ یەکشەممە هاندەرانی ڤاڵێنسیا هێرشێکی زۆری رەگەزپەرستیان کردە سەر ڤینی، بە “مەیموون” ناویان برد، ئەمەش جاری یەکەم نییە لەم وەرزە یاریزانەکە لە لالیگا دەبێتە قوربانی ئەم رووداوە ناپەسەندە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، جونیۆر زۆر بێزار و بێهیوا بووە لە ئیسپانیا، دەیەوێت خێرایی لە چاوپێکەوتنێکدا باس لەم رووداوانەی دوایی بکات، وە ناوبراو بەنیازە باس لە جێهێشتنی یانەکەی بکات لەم هاوینەدا.

ڤینی سەرەڕای ئەوەی لەلایەن هاندەران هێڕشیکرایە سەر، لەلایەن ناوبژیوانیش بەکارتی سوور کرایە دەرەوە، پێگەی کادیناسێریش دەڵێت ناوبراو بەهۆی ئەو کارتە سوورە بۆ دوو یاری رادەگیرێت و تا دوایین گەڕی لالیگا یاری بۆ ریال مەدرید ناکاتەوە.

ئەم رووداوە لەسەر ئاستی جیهان کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ریۆ فێردیناندی ئینگلیزیش لە ئینستگرامەوە پەیامێکی گرنگی بۆ جیهان نارد و پاڵپشتی خۆی بۆ ڤینی دووپاتکردەوە.

هەر ئەمڕۆ یانەی ریال مەدریدیش بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و رایانگەیاند لە سکاڵایان دژی یانەی ڤاڵێنسیا و هاندەرانیان تۆمارکردووە.

لە لایەکی دیکەوە خافیێر تێباس سەرۆکی لالیگا، پاش رووداوەکە هێندەی تر کارەکەی گەورەکرد کاتێک رەخنەی لە یاریزانەکە گرت لەبری پشتیوانیکردنی، ئەمەش ڤینی توڕەکرد و وەڵامی دایەوە.

ڤینی لە وەڵامی تێباسدا رایگەیاندبوو:

جارێکی دیکە سەرۆکی کۆمەڵەی لالیگا لە بری ئەوەی ڕەخنە لە ڕەگەزپەرستان بگرێت، لە سۆشیال میدیا دەردەکەوێت و هێرش دەکاتە سەر من. ئەوەندەی قسەدەکەیت ناخوێنێتەوە، بچۆ تەماشای کۆمێنتەکان بکە کە بۆت هاتووە، وێنەی پاڵەوانێتیەکەت دەلەرزێت لە بەرچاوی هەواداراندا. من هاوڕێت نیم بۆ باسکردنی ڕەگەزپەرەستی…

تێباسیش لە وەڵامی دیکەی یاریزانە بەڕازیلییەکەدا پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و  قسەکانی ڤینیسیۆس بە نادادپەروەرانە باس دەکات.

کاردانەوەکانی رووداوەکە بەوەندە نەوەستا و هەموو جیهانی تەنی، گاری لینکەری ئینگلیزیش لە تویتەرەوە رەخنەی توندی ئاراستەی بەرپرسانی لالیگاکردووە و نوسویەتی “جارێکی دیکە بینیمان، سزای ئەو کەسە درا، کە سوکایەتی پێکرا”.

هەر ئەمڕۆ چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لە لێدوانێکیدا گوتی:

ڤینیسیۆس مرۆڤە بەر لەوەی یاریزان بێت. پێویستە بەرگری لە هەر کەسێک بکەیت و منیش وەک راهێنەری بارسێلۆنا بەرگری لێ دەکەم

بەر لەم کاردانەوە گەورانە، ڤینی پاش کۆتایی هاتنی یارییەکە پەیامێکی ناخ هەژێنی بڵاوکردبووەیەوە و تیایدا گوتبووی:

ئەمە یەکەمجار نییە، دووەم جار نییە و سێیەم جاریش نییە. رەگەز پەرستی شتێکی ئاساییە لە لالیگا. پاڵەوانێتییەکە پێی وایە شتێکی ئاساییە، هەربۆیە یەکێتیی تۆپی پێی و رکابەران هانی دەدەن. زۆر داوای لێبوردن دەکەم. ئەو پاڵەوانێتییەی سەردەمانێک سەر بە رۆناڵدینیۆ، رۆناڵدۆ، کریستیانۆ و مێسی بوو، ئەمڕۆ سەر بە رەگەزپەرستانە. نەتەوەیەکی جوان، کە پێشوازی لە من کرد و خۆشمدەوێن، بەڵام رازی بووە بە هەناردەکردنی وێنەی وڵاتێکی رەگەزپەرستی بۆ جیهان. داوای لێبوردن لە ئیسپانییەکان دەکەم کە بەمە رازی نین، بەڵام ئەمڕۆ لە بەرازیل، ئیسپانیا بە وڵاتی رەگەزپەرستان ناسراوە. بەداخەوە، ئەو هەموو شتەی هەفتانە روودەدات، هیچ رێگەیەکم نییە بەرگری بکەم. هاوڕام لەگەڵ ئەمە. بەڵام من بەهێزم و تاوەکو کۆتایی لە دژی رەگەزپەرستان دەڕۆم. هەرچەندە دەزانم ماوەیەکەی دوورە

هەر ئەمڕۆ یانەی ڤاڵێنسیاش لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند:

بە توندی ئیدانەی ئەو کارە دەکەین، سەجەم ئەو هاندەرانە بۆ هەتاهەتایە لە یاریگاکەمان دووردەخەینەوە کە دەستیان لەم کارە هەبووە، ئەم کارە قێزەونە دوورە لە رەوشتی یانەکەمان

کەمێک لەمەوبەر میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردەوە، کە پۆلیسی ئیسپانیا بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێت کە هێرشیان کردووەتە سەر ڤینیسیۆس و سەرجەمیان رووبەڕووی سزای یاسای دەبنەوە.

کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەمشێوەیە لەبارەی رووداوەکە دوا:

هەر ئەمڕۆ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە بە تایبەت سەردانی ڤینیسیۆسی کرد و پشتگیری خۆی بۆ دووپاتکردەوە.

سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا هاتە دەنگ و هێرش دەکاتە سەر خافیێر تێباسی سەرۆکی لالیگا و دەڵێت:

من داوا لە ڤینیسیۆس دەکەم گوێ لە کەسێکی نابەرپرسی وەکو تێباس نەگرێت، رەفتاری نابەرپرسانەی تیباس ئەوەیە دەچێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسە بە یاریزانێکی خولەکەی دەڵێت کە بەر لە چەند کاتژمێرێک سوکایەتی رەگەزپەرستی بەرامبەر ئەنجامدراوە. کاری بەرپرسان نییە قسە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەبکەن و کێشە دروست بکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button