ئیسپانیاگرنگترین

بەیاننامەی فەرمی ریال مەدرید سەبارەت بە رەگەزپەرستیەكان بەرامبەر ڤینیسیۆس

یاریگا –

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی هاتە دەنگ و بەیاننامەیەكی فەرمی سەبارەت بە رووداوەكانی یارییەكەی دوێنێ كە بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر روویدا بڵاو كردەوە.

شەوی رابردوو ڤالینسیا لە یاریگای مێستایای تایبەت بە خۆی میوانداری ریال مەدریدی كرد و یارییەكەشی بەئەنجامی گۆڵێكی بێ وەڵام لێ بردەوە، لە میانی یارییەكانی هەفتەی 35ی خولی ئیسپانیا.

لە یارییەكەدا چەندین رووداوی دوور لە وەرزشی روویدا، ڤینیسیۆس جۆنیۆر چەندین جار تووشی سووكایەتی و وشەی رەگەزپەرستی بوویەوە لەلایەن هاندەرانی ڤالینسیاوە كە بە مەیمون بانگیان دەكرد و هیوای مردنیان بۆ دەخواست.

لە كۆتا خولەكەكانی یاریەكەشدا ڤینی و یاریزانەكانی ڤالینسیا بوو بە شەڕ و لە خولەكی 97 بە كارتی سوور كرایە دەرەوە.

لە دوای یاریەكە ئەستێرە بەڕازیلیەكە رەخنەی توندی لە لالیگا گرت و پاشان لەلایەن چەندین ئەستێرەی پێشوو و ئێستای تۆپی پێوە پشتگیری لێكرا.

كەمێك پێش ئێستا ریال مەدرید لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا نووسیویەتی:

ریال مەدرید بە توندی ئیدانەی ئەو رووداوانەی دوێنێ دەكات كە بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر روویدا.

ئەم راستیانە هێرشێكی راستەوخۆیە بۆ سەر نمونەی پێكەوە ژیانی كۆمەڵایەتی و یاسایی و دیموكراسی.

مادەی 124ی دەستووری ئیسپانیا ئەرکەکانی داواکاری گشتی دادەمەزرێنێت بۆ پێشخستنی کاری دادپەروەری لە بەرگریکردن لە یاساییبوون و مافەکانی هاووڵاتیان و بەرژەوەندی گشتی.

ریال مەدرید پێی وایە ئەم رووداوانە تاوانی رق و كینەش پێكدەهێنن، هەر بۆیە سكاڵای یاسایمان لە داواكاری گشتی دەوڵەت تۆمار كردووە، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە راستیەكان بكرێت.

لە كاتی بەڕێوە چوونی یاریەكەدا كاریگەری رووداوەكان بەسەر ڤینیسیۆسەوە دیارە و بە ئاشكرا فرمێسك لە چاوی دێتە خوارەوە.

https://www.facebook.com/100044290096476/posts/pfbid04nT1jbwQJJPfh7yr5an6txbsZ9Baazbr8hdxb67xS5oBckJutdD4Np5bX2diKN4wl/?mibextid=cr9u03

ریال مەدرید بە كۆكردنەوەی 71 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی خولی ئیسپانیا دێت و بە جیاوازی خاڵێك لە دوای ئاتلێتیكۆ مەدریدی دووەمەوە دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button