یاریگا –
خوان لاپۆرتا، سەرۆكی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە كە ئاڕاستەی یانەكەی كراوە سەبارەت بە دۆسیەی ئێنریكێز نێگرێیرا و تۆمەتەكانی ریال مەدریدی ركابەری هەمیشەییان سەبارەت بەو دۆسیەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە كاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ بە كاتی كوردستان لاپۆرتا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ساز كرد و تێیدا زۆر بابەتی گرنگی پەیوەست بە بە یانەكەی وروژاند.
دۆسیەی نێگرێیرا؟
نابێت دۆسیەی نێگرێیرا لە ئەستۆی دەستەی بەڕێوەبەرانی ئێستا بێت، ئەم یانەیە هەموو كات نمونەیەك بووە بۆ دادپەروەری، بەڵام دەبێت باسی ئەو رووداوانە بکەین کە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا روویدا، ئێمە بەدەست هەڵمەتێکی توندوتیژانەوە دەناڵێنین دژی ناوبانگمان، و هیچ بنەمایەکی لە راستیدا نییە.
لاپۆرتا بەردەوام بوو گووتی: بارسێلۆنا قەوارەیەکە پەیڕەوی لە بەهاکان دەکات، ئێمە حەز بە بردنەوە دەکەین، بەڵام بە جۆرێک پێمان خۆشە كە بە یارییەکی باش سەرکەوتن بەدەست بهێنین نەک لە رێگای هاوکاری ناوبژیوانییەوە ، ئەوان دەیانەوێت ناومان بزڕێنن و وێنەی ئێمە ناشرین بكەن، بەڵام هەرگیز بەدەستیان نەهێناوە و هەرگیزیش بەدەستی ناهێنن، هیچ هەڵمەتێکی ناوزڕاندن كار لە بارسێلۆنا ناکات و بەردەوام دەبێت لە بوون بە دامەزراوەیەکی وەرزشی جیهاندا كە خۆشەویست بێت لەلایەن ملیۆنان کەتەلۆنی و خەڵکی جیهانەوە.
سەرۆكی یانە كەتەلۆنییەكە لە درێژەی قسەكانیدا گووتی: پێشتریش گوتبووم كاتێك دۆسیەی نێگرێیرا دەركەوت بە رێككەوت نەبووە، چەند پسپۆڕێك و نوسینگەیەكی دەرەكیم راسپارد بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێك، ئێستا زانیاری تەواوم هەیە و دەتوانم پشتڕاستی بكەمەوە كە یانەی بارسێلۆنا هەرگیز هیچ كارێكی نەكردووە كە ئامانجیان فێڵكردن بێت بۆ بەدەستهێنانی سوودێكی وەرزشی و بردنەوەی هیچ نازناوێك، كاتێك دەیبەینەوە پێكەوە ئاهونگ دەگێڕین كاتێكیش دەدۆڕێین پیرۆزبایی لە براوە دەكەین، بە دوای هیچ بیانوویەكدا ناگەڕێین، ئەمە گەورەی ئێمەیە.
” هیچ بەڵگەیەكیان نیە كە ئێمە ناوبژیوانمان كڕی بێت، ناتوانن هیچ شتێك بسەلمێنن چونكە بە هیچ شێوەیەك هیچ شتێك نیە ”.
لاپۆرتا لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا چەند بەڵگەنامەیەكی پێشكەشكرد و گووتی: ئێمە شتەكان بەم جۆرە كۆتایی پێدەهێنین، هیچ بەڵگەیەك نیە كە پارە درابێت بە هیچ كەسێك بۆ دەستكاریكردنی ئەنجامی یاریەكان، یان هەر گەندەڵیەكی دیكەی ئابوری.
” بارسێلۆنا بەبێ هیچ بەڵگەیەک لەسەر تاوانەکەی سزادرا، لێرەدا ناوبانگی یانەکە و ناوبانگی دەسەڵاتی دادوەری و ناوبانگی تۆپی پێ دەكەوێتە مەترسییەوە”.
تۆمەتەكانی سەرۆكی لالیگا ( تیباس )؟
هەندێك كەس وەك سەرۆكی لالیگا پۆستەكانی خۆیان خراپ بەكارهێناوە ، تیباس بە شێوەیەكی نابەرپرسانە بەڵگەنامەی هەڵە و ساختەی پێشكەشكرد، تیباس كەسێكی نابەرپرسە، ئەو كەسێكی بە ئەزمون و پیشەیی نیە.
” سوپاسی یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا رۆبیالیس و سەرۆكی فیفا ئینڤانتینۆ دەكەم كە نەهاتنە ناو ئەو بابەتەوە دژی بارسێلۆنا و چاوەڕوانی بڕیاری دادگا دەكەن ”.
ریال مەدرید؟
” تیمێك هەیە كە لەم بابەتەدا گلەی كردووە و باسی نادادپەروەری دەكات، من باسی ریال مەدرید دەكەم ئەوان بە درێژایی مێژوو زۆرترین سوودیان لە بڕیارەكانی ناوبژیوان وەرگرتووە، هەروەها بۆ ماوەی 70 ساڵ لە سیستەمەكە نزیك بوون ئەو كەسانەی بەرپرسن لە سیستەمی ناوبژیوانی وڵاتەكە ئەندام یان یاریزانی پێشووی ریال مەدرید بوون”.
” ئەوە گاڵتەیەكی گەورەیە كە ریال مەدرید هاتۆتە ناو ئەم باسەوە و باسی نادادپەروەری دەكات ”.
لاپۆرتا لە درێژەی قسەكانیدا گووتی: ئەم بابەتە بە رێككەوت رووی نەداوە، لە هەمان كاتدا بوو كە ئێمە رەتمانكردەوە بەشداری لە كەمپینی CVC بكەین، ئێمە ملكەچی تیباس و لالیگا نابین.
” نازانم سەرۆکی یوفا بیر لە چی دەکاتەوە؟ تەنها ئاگرەکە خۆش دەکات، یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا رێکار بەرامبەر بارسیلۆنا دەگرێتەبەر چونکە ئێمە پاڵپشتی پڕۆژەی سوپەرلیگ دەکەین، چێفرین کۆمەڵێک لێدوانی هێرشبەرانەی دا، داوای لێدەکەم بەرپرسیار و ژیر بێت بە پێچەوانەی ئەوەی تێباس دەیکات ”.
لاپۆرتا بەردەوام بوو گووتی: هیچ تاوانێك نیە كە ئەنجامماندابێت، ئێمە لە ئەوروپا بەردەوام دەبین لە یاریكردن و ناتوانن دوورمانبخەنەوە.
سوپەرلیگ؟
لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بەوەی كە ئایا ئەم بابەتە و بەشداریكردنی ریال مەدرید لەو دۆسیەدا كاریگەری لەسەر بەشداریكردنیان لە سوپەرلیگ دەبێت لاپۆرتا گووتی: ئێمە پاڵپشتی سوپەرلیگ دەكەین بۆ سەربەخۆیی یانەكان، ئێمە پشتگیری ئەو پڕۆژەیە لەبەر ریال مەدرید یان یوڤێنتوس ناكەین، بەڵكو لەبەر بەرژەوەندی خۆمانە.