
یاریگا –
زینەدین زیدان وەکوو راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی فەڕەنسا دەستنیشانکرا و شوێنی دیدیێ دیشام دەگرێتەوە.
یەکێتیی تۆپی پێی فەڕەنسا بەشێوەیەکی فەرمی زینەدین زیدانی وەکوو راهێنەری نویی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەستنیشانکرد و گرێبەستەکەی زیدان لەگەڵ کەڵەشێرەکان تاوەکوو هاوینی 2030 دەبێت.
زۆرجار گوتوومە هیچ شتێک لە هەڵبژاردەی فەرەنسا گەورەتر نییە، بۆیە بوون بە راهێنەری ئەو هەڵبژاردەیە جێی خۆشحاڵی و شانازییەکی گەورەیە.
لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو چەندین ئۆفەرم رەتکردووەتەوە، لەدوای ریال مەدرید تەنیا ویستوومە ببمە راهێنەری فەرەنسا.
𝗭𝗜𝗡𝗘𝗗𝗜𝗡𝗘 𝗭𝗜𝗗𝗔𝗡𝗘, 𝗡𝗢𝗨𝗩𝗘𝗔𝗨 𝗦𝗘́𝗟𝗘𝗖𝗧𝗜𝗢𝗡𝗡𝗘𝗨𝗥 𝗗𝗘 𝗟’𝗘𝗤𝗨𝗜𝗣𝗘 𝗗𝗘 𝗙𝗥𝗔𝗡𝗖𝗘 🐓🇫🇷 pic.twitter.com/5ocGyYETNm
— Equipe de France ⭐⭐ (@equipedefrance) July 28, 2026
زینەدین زیدان لە هاوینی 2021 پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدریدی جێهێشت و لەوکاتەوە دەستی بە کارەکەی نەکردووەتەوە، زیدان لە 2016 تاوەکوو 2018 سێ نازناوی چامپیۆنزلیگی بۆ ریال مەدرید بەدەستهێنا و مێژوویەکی گەورەی نووسیەوە.
دیشام بۆ ماوەی 14 ساڵ راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا بوو، دوای ئەوەی فەرەنسا لە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی 2026 بە ئیسپانیا دۆڕا، دیشام پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی جێهێشت.
دیشام مۆندیالی 2018ـی بۆ کەڵەشێرەکان بەدەستهێنا، لە مۆندیالی 2022 گەیشتەوە یاریی کۆتایی بەڵام بەلێدانی یەکلاییکەرەوە بە ئەرجەنتین دۆڕا و لە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2016 بە پۆرتوگال دۆڕا و ئەو جامەشی لەدەستدا.
زیدان یەکێکە لە ئەفسانە گەورەکانی فەرەنسا، لە مۆندیالی 1998 ئاستێکی خەیاڵی پێشکەشکرد و لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 1998، 3-0 لە بەڕازیلیان بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بوونە پاڵەوان و زیدان خەڵاتی باڵۆن دۆری بردەوە، دوو ساڵ دواتریش فەرەنسا بووە پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2000.



