فه‌ره‌نساگرنگترین

ئەمڕۆ زینەدین زیدان دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا

زیاتر لە 120 رۆژنامەنووس ئامادە دەبن

Yariga App

یاریگا –

ئەمڕۆ زینەدین زیدان وەکوو راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی فەڕەنسا دەستنیشان دەکرێت و شوێنی دیدیێ دیشام دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی تەمووزی 2026 یەکێتیی تۆپی پێی فەڕەنسا زیدان وەکوو راهێنەری نوێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رادەگەیەنێت و پێشبینی دەکرێت زیات لە 120 رۆژنامەنووس ئامادەبن.

زینەدین زیدان لە هاوینی 2021 پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدریدی جێهێشت و لەوکاتەوە دەستی بە کارەکەی نەکردووەتەوە، زیدان لە 2016 تاوەکوو 2018 سێ نازناوی چامپیۆنزلیگی بۆ ریال مەدرید بەدەستهێنا و مێژوویەکی گەورەی نووسیەوە.

دیشام بۆ ماوەی 14 ساڵ راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا بوو، دوای ئەوەی فەرەنسا لە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی 2026 بە ئیسپانیا دۆڕا، دیشام پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی جێهێشت.

دیشام مۆندیالی 2018ـی بۆ کەڵەشێرەکان بەدەستهێنا، لە مۆندیالی 2022 گەیشتەوە یاریی کۆتایی بەڵام بەلێدانی یەکلاییکەرەوە بە ئەرجەنتین دۆڕا و لە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2016 بە پۆرتوگال دۆڕا و ئەو جامەشی لەدەستدا.

زیدان یەکێکە لە ئەفسانە گەورەکانی فەرەنسا، لە مۆندیالی 1998 ئاستێکی خەیاڵی پێشکەشکرد و لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 1998، 3-0 لە بەڕازیلیان بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بوونە پاڵەوان و زیدان خەڵاتی باڵۆن دۆری بردەوە، دوو ساڵ دواتریش فەرەنسا بووە پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2000.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button