
یاریگا –
گرێبەستی هێرشبەرە پۆڵەندییەکە لەگەڵ بارسێلۆنا لە حوزەیراندا بەسەرچوو و سەرەنجام پەیوەندی بە چیکاگۆ فایر لە MLS کرد دوای ئەوەی یانە کاتالوونییەکە بڕیاریدا گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی دەیویست بۆ وەرزێکی دیکە بمێنێتەوە. پینی زەهاڤیی، بریکاری کارەکانی بانگەشەی ئەوە دەکات لیڤاندۆڤسکی بەهۆی چاوەڕوانیکردنی بارسێلۆناوە دەستبەرداری 200 ملیۆن یۆرۆ بووە.
زەهاڤی دەڵێت:
لە کانوونی دووەمی 2026، رۆبێرت ئۆفەرێکی دوو ساڵەی بە بەهای 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ هەر وەرزێک لەسەر مێزەکەی هەبوو، قبووڵی نەکرد چونکە دەیویست لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە. ئەو ئۆفەرە تەنیا لە زستاندا هەبوو؛ لە هاویندا بەردەست نەبوو. رۆبێرت دەیویست لە سعوودییە یاری بکات، بە پلەی یەکەم بەهۆی گونجاویی ژیان لەوێ: جیاوازیی کەمی کات لەگەڵ وارشۆ و مەودای کورتتر بۆ پۆڵەندا بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئێمە هاوكات دەمانزانی کە بڕێکی زۆر پارە بەدەست دەهێنێت، بەڵام نەدەکرا چونکە چاوەڕێی بارسێلۆنای کرد. پێم گوت کە لە هاویندا ئەو ئۆفەرەی نابێت، بەڵام بڕیاریدا چاوەڕێ بکات.
لەبارەی ئەوەی بۆچی لە بارسێلۆنا بەردەوام نەبوو:
خوان لاپۆڕتا بەڕاستی سەرسامییەتی و دەیویست رۆبێرت بۆ وەرزێکی دیکە لە کامپ نۆو بمێنێتەوە. لە کانوونی یەکەمدا قسەم لەگەڵ کرد دەربارەی ئەوە و پێی گوتم: ‘دەمەوێت رۆبێرت بمێنێتەوە’، بەڵام لاپۆڕتا دەستوەردان لە کاری راهێنەراندا ناکات. دێکۆ و هانزی فلیک ئەو کەسانەن کە بڕیار لەسەر پێکهاتەکە دەدەن و نەیان دەتوانی گەرەنتیی شوێنێک لە پێکهاتەی سەرەکی بۆ رۆبێرت بکەن، شتێک کە بۆ ئەو تەنانەت گرنگتر بوو لە پارە، بەڵام دێکۆ و هانزی دیدگای جیاوازیان بۆ داهاتووی رۆبێرت لە بارسێلۆنا هەبوو.
لەبارەی گواستنەوەی بۆ MLS:
بەرپرسانی چیکاگۆ فایر زیاتر لە هەر کەسێک جەنگان بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکەی، دەگمەنە یانەیەک یاریزانێکی بەو ئەندازەیە بووێت. سەختە وێنا بکرێت: ئەوان ئارامگر، سوور و داهێنەر بوون، هەموو شتێکیان کرد بۆ قایلکردنی لیڤاندۆڤسکی، هەموو شتێک! نمایشیان نەدەکرد، بەڕاستی شێتی ئەو بووبوون و دووەم بەرزترین گرێبەستیان لە MLS پێشکەش کرد، کە تەنیا لە دوای ئەوەی لیۆنێل مێسییەوە بوو. چیکاگۆ بەڕاستی رۆبێرتی دەویست.
لەبارەی گرنگیپێدانی یانەکانی ئیتالیا:
لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی میلاندا کۆبوومەوە و قسەم لەگەڵ دامیان کۆمۆلیی بەڕێوەبەریی جێبەجێکاری یوڤێنتۆس کرد چونکە واژۆکردنی گرێبەستی رۆبێرت رێککەوتنێکی گەورە دەبوو بۆ هەردوو یانەکە، بەڵام راستگۆبم، لیڤاندۆڤسکی لە سەرووی توانای داراییی ئەوانەوە بوو. سێریا ئا ئیتر دەوڵەمەندترین خول لە جیهاندا نییە؛ دۆخی دارایی لەوێ ئێستا زۆر سەختە.
لەبارەی گرنگیپێدانی پۆرتۆ:
ئەوە راستە، من تەنانەت خۆم لەگەڵ بەرپرسەکانیاندا قسەم کرد. رۆبێرت بە باشی دەناسم و لەوە تێگەیشتم کە بەدوای چیدا دەگەڕا، دەیویست یاریی تۆپی پێ بکات، هەست بە سەرکردەبوون بکات و خۆشەویست بێت. پۆرتۆ دەیتوانی گەرەنتیی ئەوە بکات، بۆیە وەکوو بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش دەردەکەوت. زۆر دەیانویست و تاوەکوو خولەکی کۆتایی هەوڵیاندا قایلی بکەن، بەڵام لیڤا ئارەزووی پۆرتۆی نەدەکرد.



