فه‌ره‌نساگرنگترین

ئەمە خەونێکە؛ زیدان دەڵێت دوای ریال مەدرید چەندین ئۆفەری پێ گەیشتووە بەڵام لەپێناو فەڕەنسا رەتی کردوونەتەوە

"دەمەوێت دووبارە ببمەوە سەرکردە"

Yariga App

یاریگا –

زینەدین زیدان وەکوو راهێنەری فەڕەنسا دەستنیشان کرا و دوای ئەوەی دەستنیشانکردنەکەی بە فەرمی پشتڕاست کرایەوە دەڵێت؛ ئەمە خەونێکە هاتەدی.

دوای ساڵانێک لە چاوەڕوانی، زینەدین زیدان بە فەرمی ئەرکی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی فەڕەنسای گرتە دەست، وەکوو شوێنگرەوەی دیدیێ دیشام. راگەیاندنەکە رۆژی سێشەممە لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ لە بارەگای سەرەکیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا (FFF) کرا، لەدوای ئەوەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەڕێوە چوو.

زیدان بە سوپاسکردنی فەرمانبەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا دەستی پێ کرد و گوتی:

ئەوە بەردەوامییە، بە جۆرێک لە جۆرەکان خەونێکە. لە ماوەی چوار یان پێنج ساڵی رابردوودا لەو کاتەوەی کارکردنم لە راهێنەرایەتیدا وەستاندووە، ئۆفەرم پێ گەیشت بۆ گەڕانەوە بۆ راهێنەرایەتی یانەکان. هەموو ئەوانەم رەت کردەوە لەبەر هەڵبژاردەی فەڕەنسا، چونکە ئەوە تاکە کار بوو کە دوای ئەزموونم لە ریال مەدرید دەمویست. من لە منداڵییەوە ئەم تیمەم دەناسی، لە ئاستی لاوانەوە دەستم پێ کرد و لە هەموو قۆناخێکەوە بەرەو پێشەوە چووم تاوەکوو گەیشتمە تیمی یەکەم، کە بەرزترین ئاستە. تاکە شتێک کە پاڵنەرمە بریتییە لەوەی بتوانیت لەگەڵ ئەم تیمە کار بکەم و یارمەتیی بدەم لە بردنەوە بەردەوام بێت.

زیدان هاوكات رێزی لە دیدیێ دیشام گرت و گوتی:

دی دی، پیرۆزباییت لێ دەکەم بۆ هەموو ئەوانەی کە کردووتن، ئەمە دەرفەتێکە بۆ من تاوەکوو پیرۆزباییت لێ بکەم. بەشێکی نوێ لەگەڵ دەستەیەک لە راهێنەرانی نوێ دەکرێتەوە، هەموو وزەی خۆم دەخەمە خزمەتی ئەم تیمەوە، زۆر بەپەرۆشم تاوەکوو دەست پێ بکەم.

لە درێژەی قسەکانی لەبارەی دڵخۆشی خۆی، زیدان گوتی:

ئەمە خۆشییەکی بێئەندازەیە، من دڵخۆشم بەوەی ئەمڕۆ بەسەرمدا دێت. هەستەکانی خۆم کۆنتڕۆڵ دەکەم، بەڵام چەندین هەستی جیاوازم لە ناخەوە هەیە. ئامادەم بۆ ئاڵەنگارییەکە، ئەمە پاڵنەرمە.

کاتێک پرسیاری لێ کرا کە ئایا ئەمە مەزنترین رۆژی کاروانی راهێنەرایەتییەتی، زیدان لە وەڵامدا گوتی:

بەڵێ، بەم زووانە شێوازی من دەبینن، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی داهاتوومدا روونی دەکەمەوە، ئەوەی پاڵنەرمە یارییەکەیە. من یاریزانی ژمارە 10 بووم و ئەوەی ئیلهامم پێ دەبەخشێت گۆڵکردن و تۆپی پێیەکی سەرنجڕاکێشە. 25 ساڵم لە ئیسپانیا بەسەر برد، ئێوە دەزانن ئەوە بە مانای چی دێت. لەنێو یاریگا من سەرکردە بووم، ئەمڕۆ دەمەوێت لە رێگەی ئەزموونم و ئەوەی وەکوو راهێنەر باوەڕم پێیەتی، ببمە سەرکردە. هێدی هێدی ئەوە دەبینن.

لە قسەکردن دەربارەی کیلیان ئێمباپێ، زیدان گوتی:

چوار یان پێنج ساڵی رابردووم بە چاوەڕوانیکردنی ئەم رۆژە بەسەر برد، پڕم لە پەرۆشی و دڵخۆشم بەم دەستنیشانکردنە، سەرەڕای ئەوەی لە هەمان کاتدا شتی سەخت بۆ هەندێک کەس روو دەدەن. ئێمە هێشتا قسەمان لەگەڵ کیلیاندا نەکردووە، گرنگترین شت بۆ ئەو پشوودانە دوای وەرزێکی لەو جۆرە درێژخایەن. لە ئەیلوولدا دەرفەتمان دەبێت تاوەکوو لەگەڵ ئەو و یاریزانەکانی دیکە قسە بکەین. کوالێتیی پێویستم لە بەردەستدایە، تیمێکی ناوازە. پرۆژەی یاریکردنی خۆمیان بۆ روون دەکەمەوە.

زیدان لە درێژەی قسەکانی گوتی:

من هەمیشە وەکوو پاڵپشتیکارێک، بەڵام هاوكات وەکوو راهێنەرێکیش سەیری ئەم تیمەم کردووە، بۆیە راهێنەرایەتیی یانەیەکی دیکەم وەرنەگرتووە. لە رۆژی دوای بڕیارەکەی دیدیێ دیشام لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە، ئارەزووی بوون بە راهێنەری داهاتوو پاڵنەرم بوو، رێککەوتنەکە یەکلایی بووەوە هەر کە کۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆکدا کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button