جیهانگرنگترینمۆندیالی 2026

ئینفانتینۆ پۆستەکەی مسۆگەر دەکات؛ زۆرینەی جیهان لەگەڵیدان و یوێفاش بێدەسەڵاتە

سەرەڕای ئابڕووچوونەکانی مۆندیال؛ ئینفانتینۆ پاڵپشتی زیاتر لە 200 وڵاتی بەدەستهێناوە

Yariga App

یاریگا –

سەرەڕای ئەو کەشوهەوا پڕ لە گرژی و رەخنانەی کە بەهۆی کێشە و ئابڕووچوونەکانی ئەم دواییەی مۆندیالەوە دروست بوون، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا،بە بێڕکابەر لە مانەوە لە پۆستەکەی نزیک دەبێتەوە.

رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردووەتەوە، ئینفانتینۆ پاڵپشتی زیاتر لە 200 وڵاتی بۆ هەڵبژاردنەوەی بۆ خولی چوارەمی سەرۆکایەتییەکەی بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە، لە کۆی 211 یەکێتیی ئەندام لە فیفا، تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم لە یەکێتییەکان تاوەکوو ئێستا نامەی پاڵپشتییان بۆ ئینفانتینۆ نەناردووە و چاوەڕوان دەکرێت ناوبراو لە کۆنگرەی فیفا کە لە مانگی ئازاردا بەڕێوەدەچێت، بە دەنگێکی زۆرینە و رەها پۆستەکەی وەربگرێتەوە.

لە نێو ئەو وڵاتە کەمانەی کە تاوەکوو ئێستا پاڵپشتی فەرمییان بۆ ئینفانتینۆ رانەگەیاندووە، چەند وڵاتێکی ئەورووپی دەبینرێن، کە دیارترینیان یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیایە.

وادەی کۆتایی بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکان رۆژی 18ـی تشرینی دووەمە و پێش ئەو بەروارە یەکێتییەکان دەتوانن نامەی پاڵپشتییەکانیان بکێشنەوە یان بیدەن بە بەربژێرێکی دیکە، بەڵام ئێستا ئینفانتینۆ تاکە بەربژێرە لە گۆڕەپانەکەدا.

سەرەڕای ئەوەش، هەندێک لە یەکێتییەکان هەست دەکەن کە لە نێوخۆی فیفاوە فشاری بەردەوامیان خراوەتە سەر بۆ ئەوەی دڵسۆزی و پاڵپشتی خۆیان بۆ ئینفانتینۆ دووپات بکەنەوە، کە ئەمەش لە رووی تیۆرییەوە بەپێی کۆدی رەوشتی فیفا کارێکی رێگەپێنەدراوە.

هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆ لابردنی ئینفانتینۆ لە پۆستەکەی، پێویست بە بوومەلەرزەیەکی سیاسی دەکات، هەرچەندە نائارامییەکی زۆر هەیە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ دانی بەوەدانا کە فشاری خستووەتە سەر فیفا بۆ پێداچوونەوە بە کارتی سوورەکەی فۆلارین بالۆگەن ، بەڵام زۆربەی ئەم ناڕەزایەتییانە تەنیا لە نیوخۆی یەکێتییەکانی ئەورووپا و دەزگا پەیوەندیدارەکانیاندایە.

یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا بەڕوونی دژایەتی خۆی بۆ فیفا لەسەر چەند پرسێکی ئەم دواییە دەربڕیوە، وەکوو کەیسەکەی بالۆگەن و دوورخستنەوەی عومەر ئارتان، ناوبژیوانی سۆماڵی لە مۆندیال، بەڵام روون نییە سەرکردایەتی یوێفا دەتوانێت بە فەرمی پاڵپشتی لە بەربژێرێکی رکابەر بکات یان نا.

 ئینفانتینۆ بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکەی پێویستی بە دەنگی ئەورووپا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی وڵاتانی کیشوەرەکە پاڵپشتی خۆیان بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی پشتڕاست کردووەتەوە، بۆ نموونە، یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا زۆر پێش دەستپێکردنی مۆندیال نامەی پاڵپشتی خۆی ناردووە.

ئەگەرچی لە پشتی پەردەوە باس لە بەربژێرێکیپاڵپشتیکراوی ئەورووپی دەکرێت، بەڵام ئەگەری رێککەوتنی چەندین یەکێتی لەسەر یەک ناو زۆر لاوازە.

سەرچاوەکان دەڵێن ئەگەر بەربژێرێک بتوانێت تەنیا 30 بۆ 40 دەنگیش کۆبکاتەوە، لانیکەم دەتوانێت دەرگای گفتوگۆیەکی کراوە و گشتی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و ئاراستەی داهاتووی فیفا بکاتەوە.

 بڕیارە ڕۆژی شەممە یەکێتییە ئەندامەکانی فیفا لە نیویۆرک کۆببنەوە؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئینفانتینۆ سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات، زۆر دوورە باسی ئابڕووچوونەکانی ئەم دواییە بکرێتە بابەتی ئەجێندای کۆبوونەوەکە، لەبری ئەوە، چاوەڕوان دەکرێت لایەنی دارایی و داهاتەکانی مۆندیال و ئەو قازانجەی کە دەکرێت بەسەر یەکێتییەکاندا دابەش بکرێت، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button