گرنگترینمۆندیالی 2026

سویسریەکان لەدژی فیفا و ئینفانتینۆ رژانەسەر شەقامەکان

Yariga App

یاریگا –

تادێت دەنگی ناڕەزایەتی لەدژی فیفا و بەتایبەت خودی جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی رێکخراوەکە فراوانتر دەبێت.

مۆندیالی 2026 کە ئێستا بە گەیشتنی هەر چوار هەڵبژاردەی ئیسپانیا-فەڕەنسا و ئەرجەنتین-ئینگلتەرا بە چوارگۆشەی زێڕین، لە قۆناخی کۆتایی نزیکبووەتەوە، هەر لە قۆناخی 38 ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە بەهۆی بڕیارە ناوبژیوانیەکانەوە بەتایبەت فاوڵە توندەکەی لیۆنێل مێسی لەدژی یاریزانێکی جەزائیر کە حاڵەتەکە هەروا تێپەڕی بەبێ ئەوەی ناوبژیوان بگەڕێتەوە بۆ ڤار بۆ تەماشاکردنەوەی ئاستی فاوڵەکەی ئەفسانە ئەرجەنتینیەکە. ئەوە و هەروەها گۆڵێکی تانگۆ هەر لە قۆناخی کۆمەڵەکان لەدژی هەڵبژاردەی نەمسا کە لە فاوڵێکی ماک ئالیستەرەوە لەدژی یاریزانێکی نەمسا بیانی هێرشەکەیان دروستکرد.

ئەوانەش گومانیان خستەسەر فیفا لەرێگەی ئاڕاستەکردنی بڕیارە ناوبژیوانیەکانەوە. یارییەکەی ئەرجەنتین و کەیپ ڤێردیش لە قۆناخی 32 بەبێ رەخنە و تێبینی تێنەپەڕی کاتێک یاریزانێکی تانگۆ بە نمایشی خۆبەردانەوە فاوڵێکی بۆ دەگیردرێت و ناوبژیوان (وەک لە یاساکانی مۆندیالدا هاتووە) هیچ مامەڵەیەکی لەگەڵدا ناکات بەپێدانی کارتی زەرد.

حاڵەتەکان لە یارییەکەی میسڕ لە قۆناخی 16 گەیشتە ئاستی تەقینەوە و دەنگدانەوەی جیهانی کاتێک ئەرجەنتین لە 11 خولەکی کۆتایی یارییەکەدا ئەنجامی 2 گۆڵی بێ وەڵامی لەبەرژەوەندی خۆی گۆڕی بۆ 3-2. بەڵام میسڕیەکان هەر لەنێو یاریگادا و دوای فیکەی کۆتاییش دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرزکردەوە بەوەی راشکاوانە رایانگەیاند ستەمیان لێکراوە و ئەنجامەکە پێشتر بۆ ئەرجەنتین رێکخراوە.

مۆندیال بۆ ئەرجەنتین ئامادەکراوە؛ حوسام حەسەن هێرشی توند دەکاتە سەر ناوبژیوانی یارییەکەی ئەرجەنتین

رووداوەکان بەوەشەوە نەوەستان، لە چارەکی کۆتایی بەرامبەر سویسرا، جارێکیتر لێشاوی رەخنەکان سەریانهەڵدایەوە کاتێک ناوبژیوانی یارییەکە بەهۆی نمایشێکی بریل ئێمبۆلۆ لەنزیک نیوەی یاریگا، کارتی زەردی دووەمی بەو هێرشبەرە دا و سویسریەکان ناچاربوون تا دوو گێمی زیادکراویش بە یاریزانێک کەمتر بجەنگن. هەمان حاڵەت کە پێشتر لە یارییەکەی ئەرجەنتین و کەیپ ڤێردی لەلایەن ناوبژیوانەوە هیچ سزایەک بۆ یاریزانەکەی تانگۆ نەبوو.

سویسریەکان وەک هەستبکەن ستەمیان لێکراوە، رژانەسەر شەقامەکانی زوریخی پایتەخت و بە چەندین نووسرا و بانەری جیاواز رەخنەیان لە فیفا و خودی ئینفانتینۆ کرد، هاوکات لەپاڵ دواوای دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆکە ئیتاڵیەکە، ناڕەزایەتیان پیشاندا لە بە بازرگانیکردنی وەرزش، گەندەڵی ئیداریی، بڕیارە ناوبژیوانییەکان، خشتەی یارییەکان و هەروەها مۆدیلە نوێیەکانی بازرگانیکردن کە لەلایەن فیفاوە بەسەر تۆپی پێدا سەپێنراوە.

رەخنەکان بەدرێژایی مۆندیالەکە تەنها لە گومانەکان بۆ لایەنگیریکردنی ئەرجەنتین و مێسی کورتنەکراوەتەوە، ئەوە کاتێک گەیشتە لووتکە کە فیفا لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا کارتە سوورەکەی سەر فۆلارین باڵۆگەنی ئەمریکی هەڵگرت لەپێش یارییەکەیان بەرامبەر بەلجیکا. کە سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد بە ئینفانتینۆی سەرۆکەوە کە دواتر لابردنی سڕکردنەکەی لێکەوتەوە و ئەوەش وەڵامی یەکێتی تۆپی پێی بەلجیکای بەدوای خۆیدا هێنا.

بەلجیکا لەبارەی بڕیارەکەی فیفا بۆ کارتە سوورەکەی ئەمریکا بێدەنگی شکاند

بابەتی زیاتر

Back to top button