ئه‌مریکاگرنگترینمۆندیالی 2026

دەمانزانی هەرایەکی گەورە دەنێتەوە؛ باڵۆگەن نهێنییەکانی پشت شکستی ئەمریکا بەرامبەر بەلجیکا ئاشکرا دەکات

باڵۆگەن دان بە شڵەژانی یاریزانانی ئەمریکا دادەنێت

Yariga App

یاریگا –

فۆلارین باڵۆگەن، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئەمریکا، بۆ یەکەمجار بێدەنگی دەشکێنێت لەسەر ئەو بڕیارە مشتومڕاوییەی فیفا کە تێیدا سزای کارتە سوورەکەی لەسەر لادا.

باڵۆگەن دان بەوەدا دەنێت کە دەیزانی ئەم بڕیارە هەرایەکی گەورە لە مۆندیال دەنێتەوە و ئاشکرای دەکات کە ئەم بابەتە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دەروونی یاریزانەکانی ئەمریکا هەبووە پێش ئەو دۆڕانە قورسەیان بەرامبەر بەلجیکا لە قۆناخی 16ـی مۆندیال.

شۆکی کارتە سوورەکە
لە یاریی بەرامبەر بۆسنیا و هەرزەگۆڤینا، باڵۆگەن پاش ئەوەی قاچی خستە سەر قاچی تاریق موحارەمۆڤیچی بەرگریکار، لەلایەن ڤارەوە پێداچوونەوەی بۆ کرا و بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی CBS، باڵۆگەن دەڵێت؛

تووشی شۆک بووم، تەنانەت فاوڵیش نەبوو، کاتێک شتێک بەمەبەست نەبێت، نابێت هەرگیز بکرێتە کارتی سوور و ئەو بڕیارە فشارێکی زۆری خستە سەر شانمان.

دەستێوەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ و دروستبوونی پشێوی
ئەوەی ئەم بابەتەی کردە گەورەترین هەرای مۆندیالی 2026، دەستێوەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو. ترەمپ بەئاشکرا رایگەیاند کە پەیوەندی بە جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفاوە کردووە و داوای لێکردووە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکەن. ترەمپ گوتی؛

تەنیا داوای پێداچوونەوەم کرد، نەمگوت دەبێت ئەمە بکەیت. ئینفانتینۆ پیاوێکی زیرەک و بەهێزە، من پێم وابوو دەبێت باشترین یاریزانەکانمان لە یاریگادا بن.

بەهۆی ئەمەوە، فیفا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو سزاکەی باڵۆگەنی هەڵوەشاندەوە.

شڵەژانی نێو کەمپی ئەمریکا و تووڕەیی بەلجیکییەکان
تەنیا رۆژێک پێش یارییە چارەنووسسازەکەیان بەرامبەر بەلجیکا، یاریزانانی ئەمریکا لەنێو پاسەکەدا لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە هەواڵی گەڕانەوەی باڵۆگەنیان بیست. باڵۆگەن دەڵێت؛

هەواڵێکی شڵەژێنەر بوو، تیپەکە بە بێ من مەشقی دەکرد و کاتێک هەواڵەکەمان بیست هەمووان لەنێو پاسەکەدا هاواریان دەکرد، بەڵام دەمزانی ئەمە هەرایەکی گەورە دەنێتەوە و هەستم بە شڵەژانی یاریزانەکانمان دەکرد.

لە بەرامبەردا، بڕیارەکەی فیفا بەلجیکییەکانی زۆر تووڕە کرد؛ رودی گارسیا، راهێنەری بەلجیکا رایگەیاند کە ئەوان بەرگری لە تۆپی پێ بە گشتی دەکەن، هەروەها یوری تیلیمانس ئاشکرای کرد کە یاریزانەکانی بەلجیکا کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان کردووە و بڕیاریانداوە لە نێو یاریگادا وەڵامی ئەمە بدەنەوە.

کۆتاییەکی تاڵ بۆ ئەمریکا
بە پاڵنەری تووڕەییەوە، بەلجیکا یارییەکەی بە ئەنجامی 4-1 لە ئەمریکا بردەوە، کە قورسترین شکستی ئەمریکایە لە قۆناخی 16 و ئەم دۆڕانە لەبەردەم زیاتر لە 50 ملیۆن بینەری تەلەڤزیۆنی، هەموو ئەو متمانە و پێشکەوتنەی ئەمریکای لەباربرد کە بە بردنەوە لە پاراگوای و ئوسترالیا و بۆسنە دروستی کردبوو.

سەرەڕای ئەمانەش، باڵۆگەن پێی وایە مۆندیالەکە سەرکەوتن بووە لە یەکخستنی وڵاتەکە و هێنانی هەزاران هاندەری نوێ بۆ ناو جیهانی تۆپی پێ.

بابەتی زیاتر

Back to top button