دوایین پێشهات؛ راستی و وردەکاریی تەواوی پشت کەیسەکەی نیکۆ پاز
ریال مەدرید چاوەڕێی کۆمۆ دەکات

یاریگا –
بۆ ئێستا پرۆسەکە چاوەڕێی وەڵامی یانەی کۆمۆ دەکات بۆ پێشنیارەکەی ریال مەدرید.
نیکۆ پاز بووەتە یەکێک لە گەورەترین بابەتەکانی دەنگۆ و قسەوباس. بەهۆی هەموو ئەو شتانەی لەنێو یاریگا بۆ کۆمۆ دەیکات، ریال مەدرید لە درێژەی وەرزەکەدا بە تەواوی باوەڕی لەسەر بەکارهێنانی مافی کڕینەوەی هەبوو وەکوو ئەوەی رۆژنامەی ئاس، بە بەردەوامی بڵاوی کردووەتەوە و پەرەسەندنی دووەمی گەورەش کاتێک هات، کە یانەکە زانیاریی پێگەیشت کە یاریزانەکە چیدیکە نایەوێت پەیوەندی بەو ریال مەدریدە نوێیەوە بکات، کە لەژێر سەرپەرشتی جۆزێ مۆرینیۆدا بنیاد دەنرێت لە کاتێکدا ئەو تاوەکوو ئەو کاتە هەمیشە پەرۆشی گەڕانەوە بوو و سەرچاوەکە دوو هەفتە لەمەوبەر ئەم گۆڕانکارییەی لە بڕیاری یاریزانەکەدا بڵاوکردەوە.
ریال مەدرید هێشتا مافی کڕینەوەی بەکارنەهێناوە بە پێچەوانەی ئەوەی بڵاوکراوەتەوە و بۆ ئێستا پرۆسەکە چاوەڕێی وەڵامی کۆمۆ دەکات بۆ ئەو پێشنیارەی لەلایەن ریال مەدریدەوە پێشکەش کراوە.
لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا بەڕێوبەرانی ریال مەدرید کە ئاگاداری بەهای وەرزشی و دارایی ئەو 50%ـی مافی یاریزانەکە بوون کە هێشتا خاوەندارێتییان دەکرد، شێوازی کارکردنی خۆیان گۆڕی و پێشنیاری جۆرێکی جیاوازیان لە پرۆسەکە کرد کە تێیدا هەمیشە کۆنتڕۆڵی داهاتووی یاریزانەکەیان لەدەستدا دەبێت و کۆمۆش هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە.

لەو خاڵەوە ریال مەدرید دەستی بە کارکردن لەسەر چارەسەرێک کرد کە رێگە بە یاریزانەکە بدات ئەمساڵ لە کۆمۆ بمێنێتەوە، وەکوو ئەوەی خۆی داوای کردووە سەرەڕای ئەوەی یانەکە دەیویست دەستبەجێ بیگەڕێنێتەوە و پێشنیارەکە بە شێوازێک داڕێژرابوو، کە کۆنتڕۆڵی تەواو بداتە مەدرید بۆ گەڕاندنەوەی یاریزانەکە بۆ وەرزی 2027-2028.
لە سەرەتادا بە بوونی یەکەم رێککەوتنی کۆمۆ لە بەردەستدا ریال مەدرید دەیتوانی تەنیا چاوەڕێ بکات و ساڵی داهاتوو مافی کڕینەوەکە چالاک بکات، بەڵام ئەگەر هەر شتێک بەسەر یاریزانەکەدا بهاتبایە وەکوو پێکانێکی سەخت یان رووداوێک یان هەر شتێکی دیکە، ئەوا زیانە داراییەکە دەکەوتە سەر مەدرید و بۆ روونکردنەوەی زیاتر؛ یاریزانەکە سەرمایەیەکی بەهادارە کە بڕێکی زۆر پارە دەکات و ئەو بەهایە دەکرێت لەناو بچێت، هەر لەبەر ئەوەشە مەدرید داوای لە کۆمۆ کردووە رێژەی ماوەی مافەکانی یاریزانەکە بکڕێتەوە کە هێشتا یانەکە خاوەندارییەتی دەکات و بۆ ئەو بەشەش مەدرید داوای 60 ملیۆن یۆرۆ دەکات کە بە شێوەیەکی کاریگەر بەهای یاریزانەکە بە 120 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنێت.
تەنانەت بەو شێوەیەش مەدرید مافی کڕینەوەی بۆ هاوینی داهاتوو دەپارێزێت بە نرخێک کە کەمێک لە سەرووی 60 ملیۆن یۆرۆوە بێت کە زۆر لە خوار خەمڵاندنی 120 ملیۆن یۆرۆکەوەیە و نزیکترە لە 80 ملیۆن یۆرۆ.

ئەم مەرجی کڕینەوەیە یەک لایەنە دەبێت، لەلایەن یاریزانەکە و کۆمۆوە رێککەوتنی لەسەر دەکرێت و ئەگەر ریال مەدرید بڕیار بدات بە هەر هۆکارێک بێت چالاکی نەکات، ئەوا هێشتا مافی پێشینەی دەبێت بۆ رەتکردنەوە یان قبووڵکردنی ئۆفەرەکان، واتە توانای یەکسانکردنی هەر ئۆفەرێک کە کۆمۆ و یاریزانەکە بڕیار دەدەن لە یانەی سێیەمەوە پەسندی بکەن، بەڵام ریال مەدرید لە ئێستاوە بڕیاری داوە کە بەتەمایە هاوینی داهاتوو یاریزانەکە بگەڕێنێتەوە.
لەبەر هەموو ئەم هۆکارانە گوتنی ئەوەی کە ریال مەدرید نیکۆ پاز بە 60 ملیۆن یۆرۆ دەفرۆشێت لە کاتێکدا یاریزانانی دیکە بە دوو هێندەی ئەو بڕە دەفرۆشرێن قسەیەکی نادروستە، چونکە ئەگەر مەدرید دەستبەرداری تەواوی مافەکانی یاریزانەکە بووایە، ئەوا تەنیا دەیخستە بازاڕەوە و بە بەرزترین نرخ دەیفرۆشت کە ئەمە ئەو شتە نییە ئێستا روودەدات.
بەدەر لەوەش، یاساکانی فیفا قەدەخەی دەکەن کە یانەیەک یاریزانێک لە یەکێک لە وەرزەکانی گواستنەوەدا بکڕێت و پاشان لە هەمان وەرزدا بە یانەیەکی دیکەی بفرۆشێت، یان بە خواستن بیدات و ئەم گواستنەوانەی کە پێیان دەگوترێت ‘گواستنەوەی پرد’ لەژێر رێساکاندا قەدەخەکراون و سزایان لەسەرە، لەبەر ئەوەش هیچ ئەگەرێک نییە کە ریال مەدرید نیکۆ پاز بکڕێتەوە و پاشان لەم هاوینەدا بە ئینتەرمیلانی بفرۆشێت.
کەواتە ریال مەدرید پێشنیاری ئەم پرۆسەیە دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئارەزووەکانی یاریزانەکە و ئەگەر کۆمۆش پەسندی بکات ئەوا رێککەوتنەکە جێبەجێ دەبێت، چونکە پلانەکانی یانەکە بۆ ئەم وەرزە پڕکردنەوەی شوێنەکەیە بە بێرناردۆ سیلڤا لەنێو پێکهاتەکەدا، لە کاتێکدا دەرگا بۆ نیکۆ پاز دەکاتەوە بۆ گەڕانەوە لە وەرزی داهاتوودا، ئەگەر کۆمۆ پێشنیارەکە پەسند نەکات مەدرید مافی کڕینەوەکە بەکاردەهێنێت و نیکۆ لەم هاوینەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شەڕ بۆ بەدەستهێنانی شوێنێک لەنێو تیمەکەدا بکات.



