ئیسپانیاگرنگترین

رافینیا قوربانیی دەستی نزیکترین کەسیەتی؛ چیرۆکی پشت قەیرانە داراییەکانی ئەستێرەکەی بارسێلۆنا

کڕینی کۆشکێک راستییە تاڵەکە ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

دوای ئەوەی سەرچاوە میدیاییەکانی بەرازیل بڵاویانکردەوە، رافینیا، ئەستێرەی بەڕازیلی رووبەڕووی کێشەی دارایی قورس بووەتەوە، ئێستا هۆکاری ئەو قەیرانە ئاشکرا دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی LEODIASـی پۆرتوگالی بڵاویکردووە، بابەتەکە پەیوەندی بە قۆرخکارییەکی بێدەنگەوە هەیە لەلایەن نزیکترین کەسی یاریزانەکەوە.

 لە سەرەتای دەستپێکردنی کاروانی وەرزشییەوە، باوکی رافینیا وەکوو بریکار و سەرپەرشتیاری کارەکانی رۆڵی بینیوە، بەبێ ئەوەی یاریزانەکە هیچ زانیارییەکی هەبێت، باوکی لە %80ـی مافەکانی وێنە، گرێبەستەکان و سەرجەم ئەو داهاتانەی خستووەتە سەر ناوی خۆی کە کوڕەکەی بە ماندووبوون لەسەر یاریگا بەدەستیهێناوە.

رفینیا بە درێژایی ساڵانی رابردوو، چ لە کاتی یاریکردنی لە پرێمەرلیگ و چ لەکاتی گواستنەوەی بۆ بارسێلۆنا، وایزانیوە کە سامانێکی زەبەلاحی لە بانکەکاندا کۆکردووەتەوە و تەواوی متمانەی بە باوکی هەبووە لە بەڕێوەبردنی کارەکانیدا.

رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، هەموو ئەم راستییە تاڵانە کاتێک روونبوونەوە کە رافینیا هەوڵیدا هەنگاوێکی نوێ لە ژیانی تایبەتیدا بنێت و یاریزانەکە ویستی لەگەڵ هاوسەرەکەی کۆشکێکی گەورە و گرانبەها بکڕن بۆ ئەوەی تێیدا نیشتەجێ ببن.

کاتێک بریکارە سەربەخۆکان و پارێزەرەکانی بۆ تەواوکردنی مامەڵەی کڕینی کۆشکەکە سەردانی هەژمارە بانکییەکانیان کرد، رافینیا تووشی شۆکێکی دەروونی و دارایی گەورە بوو، بۆی دەرکەوت کە ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەستیدایە زۆر کەمترە لەو ژمارە خەیاڵییەی کە خۆی پێشبینی دەکرد و بەشە هەرە زۆرەکەی سامانی ماندووبوونی ساڵانەی لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا نەماوە.

ئەم رووداوە نەک تەنیا کێشەی دارایی بۆ یاریزانەکە دروست کردووە، بەڵکوو کاریگەرییەکی دەروونی قورسیشی لەسەر جێهێشتووە، ئەم دۆخە نوێیە رەنگە ببێتە هۆکاری گۆڕانکاریی گەورە لە بڕیارە وەرزشییەکانی داهاتووی رافینیا.

ئەم قەیرانە داراییە رەنگە هۆکارێکی سەرەکی بێت کە رافینیا بیر لەو ئۆفەرە خەیاڵییانە بکاتەوە کە لە یانەکانی سعوودیە وەکوو یانەی هیلال پێشکەشی دەکرێن، تاوەکوو بتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا قەرەبووی ئەو سامانە لەدەستچووەی بکاتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button