ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

فەرمی؛ ئارسیناڵ یەکەم گرێبەستی وەرزی نوێ رادەگەیەنێت

گەنەرز بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە

Yariga App

یاریگا –

پیێرۆ هینکاپیێ بە گرێبەستێکی هەمیشەیی پەیوەندی بە ئارسناڵەوە دەکات.

ئارسناڵ لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند:

ئێمە خۆشحاڵین کە مافی چالاککردنی بژاردەی گواستنەوەی پیێرۆ هینکاپیێ’ـمان بۆ گرێبەستێکی هەمیشەیی لە 1ـی تەممووزەوە بەکارهێناوە چونکە پیێرۆ وەرزی رابردووی بە شێوازی خواستن لە یانەی بایەر لیڤەرکوزنی ئەڵمانییەوە لەگەڵمان بەسەربرد و بەشێکی سەرەکی بوو لە کەمپەینی بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ بۆ یانەکەمان. ئەم بەرگریکارە 24 ساڵانە 39 بەشداریی لە سەرجەم پاڵەوانییەتییەکاندا هەبوو و بووە ئەندامێکی سەرەکی لە هێڵی بەرگریمان کە ئێستا کەمترین گۆڵی لە سێ وەرزی رابردووی پرێمەرلیگدا لێکراوە.

لە یەکەم وەرزی سەرکەوتووی خۆیدا لە باکووری لەندەن پیێرۆ یەکەم یاریی خۆی بۆ ئێمە کرد لە سەرکەوتنەکەمان بە ئەنجامی 2-0 لە دەرەوەی یاریگای خۆمان لە بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو لە چامپیۆنزلیگ لە ئەیلوولی 2025. یەکەم و تاکە گۆڵی پیێرۆ لە یەکسانبوونەکەمان لە دەرەوەی یاریگای خۆمان لە بەرامبەر وڵڤز لە شووباتدا هات کە هەر لە هەمان مانگدا خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی ئارسناڵی بەدەستهێنا و ئەم پێزانینەشی جارێکی دیکە لە نیساندا وەرگرتەوە.

ئەم یاریزانە نێودەوڵەتییەی ئێکوادۆر کاروانی پیشەگەریی خۆی لە وڵاتی لەدایکبوونی لەگەڵ یانەی ئیندیپێندێنتی دێل ڤالی دەستپێکرد و لە رێگەی سیستمی لاوانی ئەوانەوە گەشەی کرد تاوەکوو بۆ یەکەمجار نازناوی کۆپا لیبەرتادۆریسی تەمەن خوار 20 ساڵانی لە ساڵی 2020 بەرزکردەوە. لە ئابی ئەو ساڵەدا پیێرۆ گواسترایەوە بۆ یانەی تالێرسی ئەرجەنتینی کە تێیدا 22 بەشداریی لە یەکەم وەرزی خۆیدا تۆمارکرد.

ئەڵمانیا وێستگەی داهاتووی پیێرۆ بوو کاتێک لە ئابی 2021 گرێبەستی لەگەڵ بایەر لیڤەرکوزن واژۆ کرد و 166 بەشداریی لە درێژەی چوار وەرزدا هەبوو لەگەڵ ئاماژەکردن بە شانازیی هاوکاریکردنی ئەوان لە بەرزکردنەوەی یەکەم نازناوی بۆندسلیگا لە کەمپەینی 2023-2024 کاتێک وەرزی نێوخۆییان بێ دۆڕان کۆتایی پێهێنا.

دوای ئەوەی کاپتنی ئێکوادۆر بوو لە ئاستی تەمەن خوار 17 ساڵان، پیێرۆ لەوکاتەوە 54 بەشداریی نێودەوڵەتیی یەکەمی بۆ وڵاتەکەی هەبووە و هاوكات نوێنەرایەتیی ئەوانی لە چوار پاڵەوانییەتی گەورەدا کردووە کە مۆندیالی ئێستاش دەگرێتەوە. هەمووان لە یانەکەدا خۆشحاڵن بە پێشوازیکردنەوەی پیێرۆ لەگەڵمان و پرۆسەی گواستنەوەکەش بەستراوەتەوە بە کۆتاییهاتنی رێوشوێنە ڕێکخراوەییەکان.

بەگوێرەی سکای سپۆرتس، گرێبەستەکەی هینکاپیێ بە بەهای 34.5 ملیۆن پاوەندە بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button