
یاریگا –
رۆژی گەورە هات و کیلیان ئێمباپێ گەڕایەوە، بەڵام ئەم گەڕانەوەیە وەکوو گەڕانەوەی پاڵەوانێک نا، بەڵکوو وەکوو یاریزانێکە کە لەنێو زریانێکی توندی رەخنەدا دەورە دراوە.
ئێمباپێ کە 16 رۆژە بەهۆی پێکانەوە دوورە، ئەمشەو لە کامپ نۆو ئامادە دەبێت، بەڵام ئامادەبوونی تەنیا یارییەک نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ رزگارکردنی ناوبانگی لەدەستچووی.

16 رۆژی پڕ لە کێشە
هەموو شتێک لە یارییەکەی ریال بێتیسەوە دەستیپێکرد، کاتێک ئێمباپێ لە ماسوولکەی پشتەوەی قاچی چەپی تووشی پێکان هات، بەڵام ئەوەی هاندەرانی تووڕەکرد پێکانەکە نەبوو، بەڵکوو رەفتارەکانی بوو. لە کاتێکدا تیمەکەی لە بەرامبەر ئیسپانیۆڵ لە جەنگێکی قورسدا بوون، ئێمباپێ لە ئیتاڵیا لەسەر یەخت خەریکی کات بەسەربردن بوو.
خراپتر لەوە، کیلیان تەنیا 12 خولەک پێش دەستپێکردنی یارییەکەی ریال مەدرید گەیشتەوە شارەکە. دوایین دیمەنی بێزارکەریش، رۆژی پێنجشەممە بوو؛ لەو کاتەی یانەکە لەنێو شۆکی شەڕەکەی ڤاڵڤێردی و چوامێنیدا بوو، ئێمباپێ بە پێکەنینێکی زۆرەوە لە ڤاڵدێبێباس هاتە دەرەوە، دیمەنێک کە هاندەران بە بێباکی و بێهەستی وەسفیان کرد.
داتاکان لە بەرژەوەندی ئەون
سەرەڕای ئەم گوشارانە، کاتێک باس دەگاتە سەر رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا، ئێمباپێ دەبێتە نێچیرگرێکی بێبەزەیی. ئێمباپێ لە 10 یارییدا بەرامبەر بارسا 12 گۆڵی کردووە، واتە بە تێکڕا هەر 67 خولەکێک گۆڵێکی کردووە. جێگای سەرنجە کە لەم 12 گۆڵەدا، ئێمباپێ تەنانەت یەک ئەسیستیشی بەرامبەر کاتالوونییەکان نەبووە.
ئەگەرەکانی بەشداریکردن
ئێمباپێ لە رووی جەستەییەوە لە %90 ئامادەیە. هەرچەندە پێشبینیدەکرێت لەسەر کورسی یەدەک بێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئاس، ئەگەری سەرەکیبوونی لە کاتژمێرەکانی کۆتاییدا زیادی کردووە. ئەمشەو بۆ ئێمباپێ تەنیا کلاسیكۆ نییە، بەڵکوو تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازە؛ یان دەبێت بە گۆڵەکانی خۆی بسەلمێنێتەوە، یان دەبێت ئامادەکاریی بکات بۆ ئەو فیكە ناخۆشانەی کە رۆژی پێنجشەممە لە بێرنابیۆ چاوەڕێی دەکەن.



