دوایین زانیاریی لەبارەی پێکانەکەی ئێمباپێ؛ بەشداریی کلاسیکۆ دەکات؟
کیلیان مۆندیال دەخاتە پێش ریال مەدرید

یاریگا –
وەرزەکەی ریال مەدرید بەرەو خراپتر دەچێت؛ دوای ئەنجامە خراپەکان، ئێستا نۆرەی پێکانەکانە و گەورەترین گورزیش بەر هێڵی هێرشبەری یانەکە کەوت.
شەوی رابردوو، ریال مەدرید بووە میوانی ریال بێتیس و یارییەکە بە یەکسانبوون 1-1 کۆتایی هات و مێرێنگی دوو خاڵی گرنگی دیکەی لەدەستدا.
لە یارییەکە کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی، لە یارییەکەی بەرامبەر بێتیس نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات و بەهۆی پێکانەوە لە خولەکی 83 یاریگای جێهێشت.
بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکانی یانەکە، ئێمباپێ بەهۆی ماندوێتی یان زۆریی فشار لە ماسولکەکانی پشتەوەی رانی چەپی تووشی پێکان بووە. بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا پشکنینی وردتری بۆ بکرێت بۆ دیاریکردنی ماوەی دوورکەوتنەوەی.
مەترسی لەسەر کلاسیکۆ و مۆندیال
گەورەترین ترسی مەدریدییەکان ئەوەیە ئێمباپێ بۆ یاریی کلاسیکۆ لە 10ـی ئایار ئامادە نەبێت. هەروەها بەهۆی ئەوەی تەنیا چەند هەفتەیەک بۆ دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 ماوە، یاریزانەکە نایەوێت هیچ سەرکێشییەک بە تەندروستی خۆیەوە بکات. بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی مۆندۆ دێپۆرتیڤۆ، کیلیان، مۆندیال دەخاتە پێش هەموو شتێک و ئەگەری هەیە یارییەکانی کۆتایی وەرز بۆ مەدرید بە نیوەی توانا یان بە وریاییەکی زۆرەوە بکات.
🚨 Alerta en el Real Madrid: ¡Mbappé pide el cambio y es sustituido!
✍️ @OZarateMD https://t.co/hDwR6m0QWq
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) April 24, 2026



