پەیوەندییەکی هیوابەخش؛ دێلا فوێنتێ مەرجێک بۆ کارڤاخال دادەنێت
حەوت یاریی چارەنووسساز بۆ کاپتنەکەی ریال مەدرید

یاریگا –
دانی کارڤاخال، کاپتنی ریال مەدرید، نایەوێت بە ئاسان کۆڵبدات و دەیەوێت هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە دەتوانێت لە مۆندیالی 2026 ئامادەبێت و وەرزێکی دیکەش لەگەڵ یانەی شاهانە بەردەوام بێت.
لەم ساڵانەی دواییدا، کارڤاخال کۆڵەکەیەکی سەرەکی بووە بۆ ریال مەدرید و ئیسپانیا، بەڵام ئێستا داهاتووی نادیارە. یاریزانەکە دەزانێت کە بڕیاری مانەوە یان نەمانەوەی، دەبێت لەلایەن کارگێڕیی یانەکەوە بدرێت، هەروەکوو چۆن پێشتر لەگەڵ ئەفسانەکانی وەکوو ناچۆ، کرووس و مۆدریچ بینرا. لەگەڵ ئەوەشدا، بەگوێرەی رۆژنامەی ئاس، ئەگەر ریال مەدرید ئۆفەری نوێکردنەوەی بۆ یەک وەرزی دیکە پێشکەش بکات، کارڤاخال بە چاوی داخراوەوە قبووڵی دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، پرسی مۆندیال جێگەی نیگەرانییە بۆ بەرگریکارەی مێرێنگی. لویس دێلا فوێنتێ، راهێنەری ئیسپانیا، هەمیشە کارڤاخال، وەکوو کەسیکی تایبەت و جیاواز سەیر دەکات. هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە مانگی ئازاری رابردوودا، لەلایەن فیدراسیۆنەوە پەیوەندی بە کارڤاخالەوە کراوە و پێی راگەیەندراوە کە هێشتا کاتی ماوە؛ ئەگەر لە کۆتایی ئەم وەرزەدا چەند یارییەک بکات، دەتوانێت جێگەی خۆی لە لیستی کۆتایی مۆندیالدا بکاتەوە.
تەنیا حەوت یاری و کەمتر لە مانگێک ماوە بۆ کۆتایی وەرز. کارڤاخال سوورە لەسەر ئەوەی بڕوا بە بە ئاربێلوا و دێلا فوێنتێ بهێنێت کە هێشتا توانای یارییکردنی لە بەرزترین ئاستدا هەیە و ئامادەیە بۆ سەرکردایەتیکردن.



