
یاریگا – ئاتلێتیک
بەخێربێن بۆ زنجیرەی ئەم هەفتەیەی ‘ناوماڵی ریال مەدرید‘ کە زنجیرەیەکی هەفتانەیە و تۆڕی یاریگا و ئاتلێتیک بە درێژایی وەرزی 2025/2026 پێشکەشتانی دەکەن.
هەموو هەفتەیەک زانیاریی ورد، شیکاریی سەرەکی و گرنگترین زانیارییەکانی ناو یانەی ریال مەدرید پێشکەشی هاندەرانی مێرێنگی دەکەین.
ئەم زانیارییانە رەنگدانەوەی چەندین گفتوگۆیە لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی ریال مەدرید و زانیارییەکان تەواو متمانەپێکراون.
زۆرترین قسە و باسی ئێستای ریال مەدرید چییە؟
دوای یەکسانبوونە بێهیواکەی بەرامبەر جیرۆنا و کەوتنە دواوە بە جیاوازی 9 خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگ لە لالیگا، ئێستا لە ناوخۆی ریال مەدرید بڕوایەک دروستبووە کە نازناوی خولەکەیان لەدەستچووە و هەموو هیواکان لەسەر یارییەکەی شەوی چوارشەممەیە لە یاریگای ئالیانز ئارێنا بەرامبەر بایرن میونشن.
بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکانی نێو یانەکە بە ئاتلێتیک ـیان راگەیاندووە، ئالڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری یانەکە و ستافەکەی بڕوای تەواویان هەیە کە دەتوانن بەرامبەر بایرن سەربکەون، ئەمەش دوای کاتێکی چڕ لە شیکاری و خۆئامادەکردن کە لە رۆژانی داهاتوودا خێراتر دەبێت. هەمان سەرچاوە دەڵێن: هەموو شتێک لەسەر یاریزانەکان دەوەستێت.
هەمووان لە مەدرید دەزانن بەڕێکردنی دوو وەرزی یەک لەدوای یەک بەبێ هیچ نازناوێکی گرنگ، دەبێتە هۆی دەرکردنی بڕیاری گرنگ لە ئاستە جیاوازەکانی یانەکەدا، لەوانەش؛ بڕیاردان لەسەر داهاتووی ئاربێلوا و پلاندانان بۆ پێکهاتەی تیپەکە.

قوربانییەک بۆ گەڕانەوەی ئێندریک
تۆڕە ئەمەریکییەکە زانیویەتی، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی وەرز، بڕیاری یەکلاییکەرەوە لەسەر هێرشبەرە لاوەکان دراوە. گۆنزالۆ گارسیای تەمەن 22 ساڵ، کە لە سەرەتای ساڵدا گرێبەستەکەی تاوەکوو 2030 نوێکرایەوە و شەش گۆڵی کردووە، لە وەرزی داهاتوودا لە پلانی یانەکەدا نابێت.
مەدرید دەیەوێت هێرشبەرە ئیسپانییەکە بفرۆشێت بەڵام بە دانانی مەرجی کڕینەوە، وەکوو چۆن پێشتر هەمان کاری لەگەڵ نیکۆ پاز کرد. رۆیشتنی گارسیا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئێندریک خۆش دەکات. یانەکە بە فەرمی بە هێرشبەرە بەڕازیلییە تەمەن 19 ساڵەکەیان راگەیاندووە کە هاوینی داهاتوو هیچ ئۆفەرێک بۆ فرۆشتنی قبووڵ ناکەن و بەشێکی گرنگ دەبێت لە پێکهاتەی تیپی یەکەمدا. ئێندریک ئێستا بە خواستن لە یانەی لیۆنی فەرەنسییە و لە 16 یارییدا شەش گۆڵ و شەش ئەسیستی هەیە.

کێ شوێنی چوامێنی دەگرێتەوە؟
بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانیەوە، ئۆرێلیەن چوامێنی لە یارییەکەی نێو ئالیانز ئارێنا بێبەش دەبێت. سەرچاوەکانی ناو مەدرید ئاماژە بەوە دەکەن ئیدواردۆ کاماڤینگا بژاردەی یەکەمە بۆ یاریکردن لە پێگەی ژمارە 6، وەکوو ئەوەی لە یارییەکەی هەینی بەرامبەر جیرۆنا تاقیکرایەوە. بەڵام ئاربێلوا بیر لە بژاردەی سوپڕایزیش دەکاتەوە، لەوانە بەشداریکردنی تیاگۆ پیتارچی تەمەن 18 ساڵ شانبەشانی ئاردا گولەر، ڤالڤێردی و بێلینگهام لە هێڵی ناوەڕاستدا.
⚡️Inside Real Madrid
➕Arbeloa’s confidence in the Champions League remontada vs. Bayern
➕The alternative to Camavinga starting that is under consideration
➕Gonzalo expected to leave, Endrick expected to stay@TheAthleticFC https://t.co/aSSI80QPQG— Mario Cortegana (@MarioCortegana) April 13, 2026



