
یاریگا –
وەرگرتنی ئەرکی ڕاهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئیتاڵیا لەلایەن پێپ گواردیۆلاوە، چیدیکە تەنیا خەونێک نییە بۆ هاندەرانی ئازۆری.
تۆڕی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، کارگێڕێی تەکنیکیی نوێی هەڵبژاردەکە هەنگاوی کردارییان بۆ ڕازیکردنی راهێنەرە ئیسپانییەکە ناوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، پاولۆ ماڵدینی و لیۆناردۆ لەگەڵ پێپ گواردیۆلا کۆبوونەتەوە و وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی ئیتاڵیایان تاوتوێ کردووە و دانوستانەکانی نێوانیان گواردیۆلا و نوێنەرانی ئیتاڵیا تەنیا یەک دانیشتن نەبووە، بەدرێژایی کۆتایی هەفتەکە بەردەوام بووە و بۆ تاوتوێی پڕۆژە و پێشکەشکردنی ئەرکی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەکەیان کردووە.
Nazionale, Paolo Maldini e Leonardo hanno incontrato Guardiola: proposto il ruolo da CThttps://t.co/9vJWegpgqG
— Gianluca Di Marzio (@DiMarzio) July 20, 2026
چۆن کۆبوونەوەکە ئاشکرا بوو؟
سەرەداوی ئەم بەدواداچوونە و ئاشکرابوونی هەواڵەکە، لە چەند وێنەیەکی سێڵفییەوە دەستیپێکرد کە ماڵدینی و لیۆناردۆ لە ئیسپانیا گرتبوویان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە؛ ئەم وێنانە بوونە هۆی ئەوەی رۆژنامەنووسان بەدواداچوونی وردتر بکەن، کە لە کۆتاییدا دڵنیایی دا لەسەر کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ گواردیۆلا.
ئەگەرەکان و بەربژێرەکانی دیکە
سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، هیچ گرەنتی و دڵنیاییەک نییە لەسەر ئەوەی کە گواردیۆلا رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە دەردەبڕێت و دەبێتە راهێنەری داهاتووی ئیتاڵیا، بەڵام پێشهاتە گرنگەکە ئەوەیە کە ناوی راهێنەرە گەورەکە بەفەرمی بووەتە بەشێک لە پلانە راستەقینەکانی کارگێڕیی نوێی ئازۆری و ئێستا دەبێت چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی و پێشهاتەکانی داهاتوو بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵدینی و لیۆناردۆ دەرگایان بەڕووی بژاردەکانی دیکەدا دانەخستووە. جگە لە گواردیۆلا، هەریەک لە رۆبێرتۆ مانچینی و ئاندریا پیرلۆش ناویان لە لیستی بەربژێرە سەرەکییەکاندا هەیە بۆ وەرگرتنی سەرکردایەتیی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە قۆناخی داهاتوو.



