پرێمەرلیگ پاشای ئەوروپایە؛ خولی ئینگلیزی كورسی پێنجەمی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتووی مسۆگەركرد
چاوی لە كورسی شەشەم و حەفتەمیشە

یاریگا –
بە گوێرەی ریزبەندی یەكێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ’ یوێفا ’ بۆ وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ، خولی نایابی ئینگلیزی كورسی پێنجەمی پاڵەوانییەتیەكە بەدەستدەهێنێت.
ئەم ریزبەندییە دوای سەرکەوتنی ئارسیناڵ لە یاری چووندا بەرامبەر سپۆرتینگ لە رۆژی سێشەممە لە قۆناخی چارەکی کۆتایی پشتڕاستکرایەوە، تەنیا یەکسانبوونیش بەس بوو بۆ ئەوەی خولی ئینگلیزی ئەم کورسییە زیادەیە مسۆگەر بکات، وەکوو خاوەنی بەرزترین ریزبەندی لە ئەوروپا.
ئەو دوو خولەی لە دوای كۆتاییهاتنی یارییەكانی وەرزی 2025/26 خاوەنی بەرزترین ریزبەندی ئەوروپا بن پێنج یانەی ئەو خولە لە وەرزی داهاتوو بەشداری چامپیۆنزلیگ دەكات.
بە گوێرەی تۆڕی ئاتلێتیک، ئێستا پرێمەرلیگ لە پلەی یەكەمە و لالیگا لە پلەی دووەمە لە پێش خولەكانی ئەڵمانی و پۆرتوگالی دێت.
ئێستا ئارسیناڵ و لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگ بەردەوامن، لە کاتێکدا ئاستۆن ڤیلا و نۆتینگھام لە یۆرۆپا لیگ، و کریستاڵ پاڵاس لە کۆنفرانس لیگ بەشدارن، ئەمەش دوای ئەوەی هەر 9 یانە بەشداربووەکەی ئەم وەرزە توانییان بگەنە قۆناخی 16ی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان.
7 یانەی پرێمەرلیگ لە چامپیۆنزلیگ؟
ژمارەی یانە ئینگلیزییە بەشداربووەکان لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو رەنگە بۆ 7 یانە بەرز بێتەوە، ئەگەر ئاستۆن ڤیلا یان نۆتینگھام نازناوی یۆرۆپا لیگ بەدەست بهێنن، کە ئەمەش سەرکەوتنیان بۆ چامپیۆنزلیگ مسۆگەر دەکات.
لە بەرامبەردا، ئەگەر لیڤەرپوول وەرزەکە لە ناو پێنج پلەی یەکەمی پرێمەرلیگ کۆتایی پێ نەهێنێت و نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنێت، ئەوا بۆ وەرزی داهاتوو كورسییەكی پاڵەوانیەتیەكە بەدەستدەهێنێت.
ئەم وەرزە 6 یانەی ئینگلیزی لە چامپیۆنزلیگ بەشداربوون، دوای ئەوەی تۆتنهام وەرزی رابردوو نازناوی یۆرۆپا لیگی بردەوە، سەرەڕای ئەوەی لە خولی ناوخۆیدا پلەی 17ی بەدەستهێنابوو.



