مێرکاتۆی ئارسیناڵ؛ بە دوای چ پێگەیەک دەگەڕێن، بەربژێرەکان کێن و کام یاریزانانە دەڕۆن؟
دوایین پێشهاتەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی ئارسیناڵ

یاریگا – ئاتلێتیک
ئارسیناڵ لەگەڵ یانەی بێشیکتاشی تورکی لەسەر بڕی پارەی گواستنەوەی لیاندرۆ ترۆسارد رێککەوتووە. ئەگەر گواستنەوەکە سەر بگرێت، بێشیکتاش بڕی سەرەتایی 18 ملیۆن یۆرۆ دەدات لەگەڵ دوو ملیۆن یۆرۆی دیکە وەکوو پاداشت. مەرجە کەسییەکان هێشتا کۆتایی پێ نەهاتوون و چاوەڕوان ناکرێت هیچ گواستنەوەیەک روو بدات تاوەکوو داهاتووی بەلجیکا لە مۆندیالدا یەکلا دەبێتەوە.
ئارسیناڵ هاوکات پێگەی خۆی لە هەوڵەکانی بۆ هێنانی جێرێمی مۆنگای تەمەن 16 ساڵانی یاریزانی لێستەر سیتی لەدەستدا. ئەوان لەلایەن مانچێستەر سیتییەوە تەشقەڵەیان پێکرا، کە لەگەڵ لێستەر سیتی رێککەوتووە بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵیدا بە بڕی 12.5 ملیۆن پاوەند لەپاڵ رێژەیەک لە قازانجی فرۆشتنی داهاتوودا.

لە بابەتی مۆنگا چی روویدا؟
ئارسیناڵ بەربژێری سەرەکی بوو بۆ هێنانی مۆنگا، بەڵام لەگەڵ وەستانی رێککەوتنەکە، سیتی هەنگاوێکی خێرای لە کۆتاییەکاندا نا بۆ هێنانی ئەم یاریزانە نێودەوڵەتییەی تیمی خوار 19 ساڵانی ئینگلتەرا. ئێنزۆ مارێسکا، راهێنەری نوێی سیتی، هێزی پاڵنەر بوو لەم ئۆفەرە رکابەرەدا بۆ مۆنگا، چونکە ئەو یاریزانەکەی لە ماوەی کارکردنی وەکوو راهێنەری لێستەر لە وەرزی 2023-2024 دەناسی.
مۆنگا، کە ئەم هەفتەیە دەبێتە 17 ساڵ و مافی واژۆکردنی گرێبەستی پیشەگەریی دەبێت، ئامادە بوو پەیوەندی بە هەر لایەک لەم دوو یانەیەوە بکات و بە خێرایی لەسەر مەرجەکان لەگەڵ سیتی رێککەوت. ئارسیناڵ لە کۆتاییدا گرنگیدانی خۆی کشاندەوە، بەهۆی ئەوەی کۆی تێچووی گرێبەستەکە لە نرخاندنی خۆیان تێپەڕی کرد.
بەدوای چ پێگە و یاریزانانێکدا دەگەڕێن؟
ئامانجی سەرەکیی ئارسیناڵ هێشتا مۆڕگان رۆجەرزی یاریزانی ئاستۆن ڤیلایە، ئەگەرچی یانەکە لە نزیکەوە برادلی بارکۆلای یاریزانی پاریس سانجێرمانیش وەکوو بەربژێرێکی دیکە بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەرییان لەبەرچاو دەگرێت. بەدەستهێنانی هیچ کام لەم دوو یاریزانە ئاسان نابێت، چونکە ڤیلا و پاریس سانجێرمان داوای بڕی پارەی زیاتر لە 100 ملیۆن پاوەند دەکەن.
ئارسیناڵ گرنگیدانی خۆی بە برونۆ گیمارایش دەپارێزێت، ئەگەرچی دوای فرۆشتنی ئانتۆنی گۆردن و ساندرۆ تۆنالی، پێگەی نیوکاسڵ هێشتا بەو شێوازەیە کە یاریزانە بەڕازیلییەکە بۆ فرۆشتن نییە.

دەکرێت کام لە یاریزانەکان بڕۆن؟
کیپا ئاریزابالاگای گۆڵپارێز سەرنجی چەندین یانەی لە ئیتالیا و ئیسپانیا راکێشاوە. ئەم گۆڵپارێزە 31 ساڵانە دەتوانێت ئارسیناڵ جێبهێڵێت ئەگەر یانەیەک مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە بەهای پێنج ملیۆن پاوەند جێبەجێ بکات.
ئەو هەواڵانەی کە دەڵێن مارتن ئۆدیگارد گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی لە دوای ترۆسارد بەرەو تورکیا بڕوات، نادروستن، سەرنجی ئەو بە تەواوی لەسەر کاروانی مۆندیالی نەرویجە و هێشتا لە ئارسیناڵ زۆر دڵخۆشە.



