تەواو؛ ئەستێرەیەکی ئەرجەنتینی دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی
رێککەوتن کراوە

یاریگا –
تیاگۆ ئالمادا دوای کۆتاییهاتنی مۆندیال پەیوەندی بە ریڤەر پلەیتەوە دەکات.
یانە ئەرجەنتینییەکە لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانەی هێڵی ناوەڕاست، کە لە دەرەوەی پلانەکانی دیێگۆ سیمیۆنی بوو بۆ وەرزی داهاتوو. بەگوێرەی رۆژنامەی ئۆلێ، ریڤەر پلەیت بڕی 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ کڕینی 50%ـی مافە دارایییەکانی ئالمادا دەدات. یاریزانە 25 ساڵانەکە ئێستا نوێنەرایەتیی ئەرجەنتین دەکات لە مۆندیالدا، کە لەوێدا پێگەی خۆی وەکوو یاریزانی سەرەکی لەژێر سەرپەرشتیی لیۆنێل سکالۆنیدا جێگیر کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرپرسانی ئاتلێتیکۆ و ریڤەر دوای کۆبوونەوەکانی چەند کاتژمێری رابردوو رێککەوتنەکەیان کۆتایی پێهێناوە، لە کاتێکدا یاریزانەکەش رەزامەندیی خۆی بۆ گواستنەوەکە دەربڕیوە. رۆیشتنی ئالمادا لە ئێستاوە وەکوو یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی ئاتلێتیکۆ لەم هاوینەدا دیاری کرابوو، چونکە بەشی وەرزشیی یانەکە ئاگاداری ئەوە بوو کە قورسە لەژێر سەرپەرشتیی سیمیۆنیدا بە شێوەیەکی دیار بەشداریی یارییەکان بکات.

سەرەڕای ئەوەی کە تاوەکوو ساڵی 2030 گرێبەستی هەیە، ئالمادا یەکەم وەرزی بێئومێدکەری لە مەدرید بەڕێ کرد. ئەو 40 دەرکەوتنی فەرمی هەبوو، چوار گۆڵی کرد و هەرگیز نەبووە یاریزانێکی سەرەکی لە تیمەکەی سیمیۆنیدا.
ئاتلێتیکۆ هاوینی رابردوو ئالمادای لە بۆتافۆگۆوە گواستەوە دوای ئەوەی وەکوو هەلێکی باشی بازاڕ سەیری کردبوو. بەگوێرەی سەرچاوە، یانە بەڕازیلییەکە دەکرێت سوودێکی دارایی لەم گواستنەوەیە بۆ ریڤەر پلەیت وەربگرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو مەرجانەی کە لە رێککەوتنی پێشوودا جێگیر کرابوون.



