کریستیانۆ رۆناڵدۆ: نازناوی یۆرۆی 2016ـم بەهای بردنەوەی مۆندیالی هەیە
"بە ویژدانێکی ئاسوودەوە دەڕۆم، سێ نازناوم بۆ پۆرتوگال هێناوە لە کاتێکدا پێشتر هیچمان نەبوو"

یاریگا –
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەرامبەر ئیسپانیا کرایە دەرەوە و ماڵئاوایی لە مۆندیالی 2026 کرد، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەفسانە و کاپتنی پۆرتوگال بەگریانەوە یاریگای جێهێشت، بەڵام دواتر بە هێمنییەوە دەرکەوت و هەڵسەنگاندنی بۆ یارییەکە کرد، هاوکات بەرگری لە مێژوو و دەستکەوتەکانی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد.
هەڵسەنگاندن بۆ یارییەکە
سەبارەت بە دۆڕاندنەکەیان بەرامبەر ئیسپانیا، رۆناڵدۆ گوتی؛
یارییەکی زۆر هاوسەنگ بوو، ئیسپانیا کەمێک بەخت یاوەری بوو کە لە خولەکەکانی کۆتاییدا گۆڵی کرد، بەڵام ئەمە تۆپی پێیە. لە راستیدا یارییەکی باشمان کرد.
دوایین مۆندیال و بڕیارەکانی داهاتوو
لەسەر ئەوەی کە ئەمە کۆتایی کاروانەکەیەتی لەگەڵ پۆرتوگال،کوڕەکەی مادێرا رایگەیاند؛
جێگەی داخە بەم شێوەیە ماڵئاوایی لە مۆندیال بکەین، بەڵام وەکوو پێشتریش لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتم، هەموو شتێکم کردووە، باشترین ئاستی خۆمم پێشکەش کردووە و بە ویژدانێکی ئاسوودەوە دەڕۆم. تۆپی پێ وایە، ژیانی یاریزانی تۆپی پێش هەر وایە؛ هەندێک جار دەبەیتەوە و هەندێک جاریش دەدۆڕێیت، دەبێت بەردەوام بیت.
راستییەکەی ئەوەیە کە ئەمە دوایین مۆندیالی من بوو، بەڵام سەبارەت بە شتەکانی دیکە، کاتم دەبێت بۆ بیرکردنەوە، لەگەڵ خێزانەکەم دەبم و نامەوێت بە هەڵچوون بڕیار لەسەر هیچ شتێک بدەم و بەردەوام دەبم لە ژیان
.
شانازی بە مێژووەکەیەوە دەکات
سەبارەت بە کاروانی وەرزشی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی، کریستیانۆ بە شانازییەوە رایگەیاند؛
بە ویژدانێکی ئاسوودەوە، باشترینی خۆمم پێشکەش کردووە. من سێ نازناوم بۆ پورتوگال بردووەتەوە لە کاتێکدا پێش هاتنی کریستیانۆ هیچ نازناوێکیان نەبوو، بۆیە دڵخۆشم.
لە کۆتاییدا باسی لە گەورەترین دەستکەوتی خۆی کرد و گوتی؛
راستییەکەی ئەوەیە گەورەترین نازناو کە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیدا بەدەستمهێنابێت یۆرۆی 2016بوو، بەڕاستی بەلای منەوە هەمان بەهای مۆندیالێکی هەیە، هەر لەبەر ئەوەش دووپاتی دەکەمەوە، بە ویژدانێکی ئاسوودەوە دەڕۆم چونکە باشترینی خۆمم پێشکەش کرد و ئەوەی پێویست بوو کردم.



