تۆ ئافرەتێکی قێزەونیت؛ ئێمباپێ وەڵامی سیناتۆرە رەگەزپەرستەکەی پاراگوای دەداتەوە
لێدوانە رەگەزپەرستییەکانی سیناتۆرێکی پاراگوای دژی ئێمباپێ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەهەژێنێت

یاریگا –
کێشەیەکی نوێی رەگەزپەرستی لە مۆندیالی 2026 سەریهەڵدا؛ سیناتۆری پاراگوای، سێلێستی ئەمارێلا، دوای کرانەدەرەوەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، کۆمەڵێک لێدوانی سووکایەتیپێکار و رەگەزپەرستانەی ئاراستەی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسا کرد.
ئەم لێدوانانە کە دوای شکستەکەی پاراگوای لە قۆناخی 16 بەرامبەر فەڕەنسا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، کاردانەوە و سەرکۆنەکردنێکی بەرفراوانی لێکەوتەوە و زۆرێک ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەمە لادانە لە گیانی وەرزشی و پەنابردنە بۆ گوتارێکی سیاسیی ژەهراوی.
سیناتۆرە پاراگواییەکە چی گوت؟
ئەمارێلا، کە ئەندامی پارتی لیبراڵی پاراگوایە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە وشەی رەگەزپەرستانەی روون گاڵتەی بە رەچەڵەک، پەروەردە و ناسنامەی ئێمباپێ کرد، تەنانەت هانی یاریزانانی وڵاتەکەشی دا کە ئاماژەی بێڕێزانە بەرامبەر ئەو یاریزانە بکەن.
لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی؛
ئەم دڕندەیە تەنانەت فێری نووسینیش نەبووە، لەجیاتی شیری دایک، بە مژینی گوێزی هیندی گەورە بووە و هۆشیارترین بوونەوەر کە تاوەکوو ئێستا گوێی لێبووە شامپانزییەکان بوون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هێرش دەکاتە سەر گۆڵپارێزی وڵاتەکەی و دەڵێت؛
ئۆرلاناندۆ گیل (گۆڵپارێزی پاراگوای)، دەبووایە پەنجەی ناوەڕاستت بۆ بەرز بکردایەتەوە، من لە ئەنجومەنی پیران ئەو کارە دەکەم و هیچیش روونادات.
لە پۆستێکی جیاوازیشدا بەردەوام بوو لە هێرشەکانی و نووسی؛
کامێرونییەکی داگیرکراو کە خۆی وەکوو فەرەنسییەک پێساندەدات، قینلەدڵ، تازە دەوڵەمەندبوو، لەخۆبایی و ناشیرین، ئەو بەدرێژایی یارییەکە شڵەژاو و ترساو بوو. تەنیا شتێک کە زۆربەمان لۆمەی تیپەکەی خۆمانی لەسەر دەکەین ئەوەیە کە لە کۆتایی یارییەکەدا زللەیەکی توندیان لێنەدا.
Madame Celeste Amarilla,
Vous êtes une femme méprisable et indigne de sa fonction.
Vous ne représentez pas le Paraguay, ce pays qui a transpiré la passion et l’honneur tout au long de la compétition. Par votre inconscience et votre racisme décomplexé, le monde entier a déjà… pic.twitter.com/EnYmgQXvPL— Kylian Mbappé (@KMbappe) July 6, 2026
وەڵامە توندەکەی ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ بێدەنگ نەبوو و زۆر بە خێرایی لە رێگەی تویتێکەوە وەڵامێکی توند و مێژوویی دایەوە؛
خاتوو سێلێستی ئەمارێلا، تۆ ژنێکی قێزەونیت و شایەنی پۆستەکەت نیت. تۆ نوێنەرایەتی پاراگوای ناکەیت، ئەو وڵاتەی کە بە درێژایی پاڵەوانێتییەکە ئارەقەی پەرۆشی و شەرەفی رشتووە، بەهۆی بێباکی و رەگەزپەرستییە بێشەرمانەکەتەوە، جیهان پێشوەختە ئەو گەشتە و ئەو هەوڵە مێژووییەی یاریزانەکانتی لەبیرچووەتەوە کە لەم مۆندیالەدا کردیان و جێگاکەی داوە بە ژنێکی بێتوانا کە خراپترین وێنەی وڵاتەکەی پێشاندەدات. من هەرگیز رێگە نادەم کەسانی وەکوو ئەو بە ئازادی رق و کینە و رەگەزپەرستیی خۆیان لە جیهاندا بڵاوبکەنەوە.
ئەم رووداوە جارێکی دیکە پرسی رەگەزپەرستی لە نێو تۆپی پێی نێودەوڵەتیدا هێناوەتە بەر باس و چاوەکان لەسەر فیفان بۆ ئەوەی بزانرێت هیچ رێکارێکی فەرمی بەرامبەر ئەم سووکایەتییانە دەگرێتەبەر یان نا.



