گرنگترینمۆندیالی 2026

دوای رووداوەکەی باڵۆگەن؛ فەرەنسا داوا لە فیفا دەکات کارتە زەردەکەی مایکڵ ئۆلیس بسڕێتەوە

فەرەنساش دێتە دەنگ و داوای سڕینەوەی کارتە زەردەکەی ئەستێرەکەی دەکات

Yariga App

یاریگا –

فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا داوای لە فیفا کردووە کارتی زەردی مایکڵ ئۆلیس بسڕێتەوە، ئەمەش تەنیا رۆژێک دوای بڕیارە سەیروسەمەرەکەی فیفا دێت بۆ هەڵپەساردنی سزای راگرتنی فۆلارین باڵۆگەن، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئەمریکا.

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا داوای لە فیفا کردووە کارتە زەردەکەی مایکڵ ئۆلیس بسڕنەوە کە لە یاریی بەرامبەر پاراگوای وەریگرت.

ئۆلیس لە یارییەکەی رۆژی شەممە کە فەرەنسا بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام لە پاراگوای بردەوە، کارتێکی زەردی وەرگرت. ئەم سزایە دوای ئەوە هات کە لەگەڵ ماتیاس گالارزای یاریزانی پاراگوای تووشی گرژی بوو، بەڵام دوای سەیرکردنەوەی ڤیدیۆی رووداوەکە، بەڕوونی دەردەکەوێت کە ئۆلیس تەنیا درێسەکەی ئەو یاریزانە ئەمریکییەی گرتووە و هیچ بەرکەوتنێک لە رووخساریدا نەبووە.

ئەگەر ئەم یاریزانە دروستکەرەی بایرن میونشن لە یاریی قۆناخی چارەکی کۆتایی بەرامبەر مەغریب کارتێکی زەردی دیکە وەربگرێت و فەرەنساش یارییەکە بباتەوە، ئەوا بەهۆی ئەو کارتە زەردەی پاراگوایەوە خۆکارانە لە یاریی پێش کۆتایی دادەبڕێت. بەو هۆیەوە، فیدراسیۆنی فەرەنسا تانەی لە بڕیارەکە داوە بەو ئومێدەی کارتی زەردەکەی ئۆلیس بەتەواوی بسڕێتەوە.

ئەم هەنگاوەی فەرەنسا هاوکاتە لەگەڵ بڕیارە سەیرەکەی فیفا بە هەڵپەساردنی سزای راگرتنی یەک یاری بۆ باڵۆگەن، دوای ئەوەی بەرامبەر بۆسنیا کارتی سووری راستەوخۆی وەرگرتبوو.

سەرەڕای ئەمانە، تۆڕە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سکاڵاکەی فەرەنسا کاردانەوەی راستەوخۆ نییە بەرامبەر بە کەیسەکەی باڵۆگەن، بەڵکوو بەرپرسانی فەرەنسا پێیان وایە ئۆلیس قوربانییەکی بێتاوانە لە رووداوێکی نادادپەروەرانە کە شایەنی ئەوەیە تانەی لێ بدرێت.

ئەستێرە 24 ساڵانییەکە، یەکێکە لە درەوشاوەترین یاریزانەکانی مۆندیالی ئەمساڵ و تاوەکوو ئێستا لە پێنج یارییدا پێنج ئەسیستی کردووە و بووەتە بزوێنەری سەرەکی لە بەستنەوەی هێڵی هێرشبەری فەرەنسا پێکەوە.

تاوەکوو ئێستا فیفا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر داواکارییەکەی فەرەنسا نەداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە رێکخراوەکە لەژێر فشارێکی تونددایە بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆسیەکەی باڵۆگەن؛ بەتایبەتی لەلایەن بەلجیکاوە کە رکابەری ئەمریکایە و هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی توند دەکات ئەگەر هێرشبەرە ئەمریکییەکە بەرامبەریان یاری بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button