ترەمپ هێندەیتر گۆمەکەی شڵەقاند: حاڵەتەکەی باڵۆگەن نەک کارتی سوور، تەنانەت فاوڵیش نەبوو!

یاریگا –
لە شەوی رابردووەوە کە فیفا کارتە سوورەکەی سەر فۆلارین باڵۆگەنی لابرد، بابەتەکە بووەتە مژاری گەرمی میدیا، ئەوە بەتایبەت کە دەرکەوت دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستوەردانی کردووە لە بریارەکە و کاریگەری خستووەتەسەر جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی جیهان بۆ لابردنی سزای راگرتنی هێرشبەرە ئەمریکیەکە.
بۆ تێگەیشتن لە تەواوی چیرۆکەکە، خوێنەری ئەم بابەتەی خوارەوەبە:
بەلجیکا لەبارەی بڕیارەکەی فیفا بۆ کارتە سوورەکەی ئەمریکا بێدەنگی شکاند
ئەمریکا کە بەرەبەیانی سبەی لە قۆناخی 16ی پاڵەوانێتیەکە رووبەرووی بەلجیکا دەبنەوە، لە تواناکانی باڵۆگەنی خاوەنی سێ گۆڵ سوودمەند دەبن. ئەوەش کاردانەوەی راستەوخۆی یەکێتی تۆپی پێی بەلجیکای لێکەوتەوە و بە راگەیاندنێکی فەرمی هەڕەشەی گرتنەبەری بژاردەکانی بەردەستی کرد.
بەلجیکا لەبارەی بڕیارەکەی فیفا بۆ کارتە سوورەکەی ئەمریکا بێدەنگی شکاند
لە نوێترین پێشهاتدا هەر سەبارەت بەو مشتومڕە، دۆناڵد ترەمپ بە لێدوانێک هێندەیتر گۆمەکەی شڵەقاند کاتێک رایگەیاند تەنانەت جووڵەکەی باڵۆگەن فاوڵیش نەبووە نەک چجای کارتی سوور و وتی
من حاڵەتەکەم بینی، منیش بەخۆم کەسێکم حەزم لە وەرزشە، زۆر باشیش لێی تێدەگەم، زۆر باش. ئەوە فاوڵ نەبوو. تەنانەت هیچ هەڵەیەک نەبوو. هەر ئەوەبوو کە دوو یاریزان بەوپەڕی خێرایی خۆیانەوە رایاندەکرد و بەریەککەوتن. شتی وا روونادات تۆ بەوپەڕی خێرایی خۆتەوە رابکەیت و بەئەنقەست قاچ بخەیتەسەر قاچی یاریزانێکی دیکە. هەردووکیان دوو یاریزانی زۆرباشبوون و بەیەکیاندا کێشا. ئەگەر بۆکسی بە دەمووجاویدا بکێشابا، ئەگەر شتێکی هەڵەی بکردایە، ئەوا رای جیاوازم دەبوو.
سەرۆکەکەی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا گومانی خستەسەر رافایل کلاوسی ناوبژیوانی بەڕازیلی وتی
زۆر گوماناوییە. بڕیارێکیدا کە کەس باوەڕی پێناکات. با راگەیەندکاران بچن سەیری تۆمارەکانی ناوبژیوانەکە بکەن. با من شتێک نەڵێم مشتومڕ دروست بکات. بچن سەیری تۆمارەکانی پێشووی بکەن. بڕیاری وای داوە تەنانەت یاریزانانی تیمەکەی دیکەش وتوویانە واو ئێمە زۆر خۆشبەختین. بۆ حاڵەتەکەی باڵۆگەنیش کاتێک تۆ دیمەنەکە بەهێواشیی (ڤار) تەماشادەکەیت، خۆ هەر شتێک دەبینی لە نموونەی بەرکەوتنت هەر بەرچاو دەکەوێت، لەکاتێکدا دیمەنەکە بەخێرایی سەیر بکرێت هیچ شتێکی وا نییە.
ترەم لە درێژەی قسەکانیشیدا وەک پشتگیریەک لە جیانی ئینفانتینۆ کە لە شەوی رابردووەوە رەخنەی زۆر لە سەرۆکەکەی فیفا دەگیردرێت، وتی
باوەڕناکەم ئەو (ئینفانتینۆ) بڕیارەکەی دابێت. ئەوە لیژنەیەکبوو بڕیارەکەی دا. بڕیارەکەشیان دروستبوو، چونکە بە پلەی یەکەم هەر خودی حاڵەتەکە فاوڵیش نەبوو.
ئینجا شتێکە کە تەنها یاریزانێکی بۆ ئەو یارییە تێدا سزابدرێت، بەڵام چۆن دەبێت بۆ یارییەکیش رابگیردرێت کە هێشتا ئەنجام نەدراوە؟ شتێکی نادادپەروەریە.
لە بارەی یارییەکەی بەلجیکاشەوە، ترەمپ وتی
ئێمە دەبێت باشترین یاریزانەکانمان یاریی بکەن، با ئەوانیش باشترین یاریزانەکانی خۆیان یاریی پێبکەن، ئەوکات ببەینەوە یاخود بدۆڕێین، دادپەروەرییە.
“I asked for a review because I didn’t think it was a foul” 🗣️
US President Donald Trump has admitted that he asked FIFA to review Folarin Balogun’s red card suspension for the Round of 16 match against Belgium ⚽️ pic.twitter.com/VCa8tDnvaK
— Sky Sports News (@SkySportsNews) July 6, 2026



