هیچ لە تۆپی پێ نازانن؛ یۆرگن کڵۆپ هێرش دەکاتە سەر ترەمپ و ئینفانتینۆ
"ئەمە شێتییە"

یاریگا –
یۆرگن کلۆپ، کە هەمیشە راشکاوانە قسە دەکات و بە شێوەیەکی بەربڵاو چاوەڕوان دەکرێت ببێتە راهێنەری داهاتووی ئەڵمانیا، هێرشێکی توندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا.
لە کاتی قسەکردنی وەکوو شیکەرەوە بۆ ماگێنتا تیڤیی ئەڵمانی دوای سەرکەوتنەکەی نەرویج بەرامبەر بەڕازیل، کلۆپ کاردانەوەی بەرامبەر بە بڕیارەکەی فیفا بۆ هەڵپەساردنی کاتیی سزای یەک یارییەکەی فۆلارین باڵۆگەن نیشاندا، کە رێگا بە هێرشبەرەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەدات لە قۆناخی 16 بەرامبەر بەلجیکا یاری بکات.
باڵۆگەن دوای پێداچوونەوەی ڤار لە کاتی سەرکەوتنی ئەمریکییەکان لە قۆناخی 32 بەرامبەر بۆسنە دەرکرابوو. ماوریسیۆ پۆچێتینۆی راهێنەری ئەمریکا ئەو دەرکردنەی وەکوو “تەواو نادادپەروەرانە” وەسف کرد.
باڵۆگەن بە سێ گۆڵ و ئەسیستێک لە پاڵەوانییەتییەکەدا، بووەتە یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان. بەگوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، فیفا سزادانەکەی هەڵپەساردووە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەنێوان ترەمپ و ئینفانتینۆدا.
ئەم بڕیارە بووە هۆی دروستبوونی تووڕەیی نەوەکوو تەنیا لە بەلجیکا بەڵکوو لە تەواوی جیهانی تۆپی پێدا، کە کلۆپ لەنێوان دەنگە هەرە بەرزە رەخنەگرەکاندا بوو. کلۆپ گوتی:
ئەگەر ترەمپ و ئینفانتینۆ بە راستی باسی ئەم بابەتەیان کردبێت، کەواتە ئێمە لەنێو شێتییدا دەژین. دەبێت ئەوەمان لە یاد بێت کە ئەمە یاریی ئێمەیە، نەوەکوو هی ئەوان. ئەم دوو کەسە هیچ لە تۆپی پێ نازانن و نابێت هیچ پەیوەندییەکیان پێوەی هەبێت. ئێمە هەموومان بڕیاری هەڵە دەدەین، بەڵام لە درێژەی ژیاندا فێری ئەوە دەبین لەگەڵیاندا بژین. لە رابردوودا گەلێک کارتی سووری گاڵتەجاڕانە هەبووە کە هەموو کەس دەیزانی هەڵەیە. تەنانەت بەو شێوەیەش، ئەوان هەر بە کارتی سوور مانەوە چونکە بڕیارەکە پێشتر درابوو. دەرکردنی باڵۆگەن دروست بوو، چونکە ئەو شتەیە کە یاساکان دەیڵێن.
سەرەڕای رەخنەکانی کلۆپ، باڵۆگەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەلجیکا دوای بڕیارەکەی فیفا بۆ هەڵپەساردنی سزاکەی تاوەکوو کاتی پێداچوونەوەی زیاتر بەردەست دەبێت.



