گرنگترینمۆندیالی 2026

پێش رووبەڕووبوونەوەی ئینگڵتەرا؛ نەخۆشی و شەکەتی بەرۆکی یاریزانانی نەرویج دەگرێت

راهێنەری هەڵبژاردەکە هۆکاری نەخۆشکەوتنی یاریزانەکانی ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

لە کاتێکدا هەڵبژاردەی نەرویج خۆی بۆ یارییەکی زۆر گرنگ و چارەنووسساز بەرامبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا ئامادە دەکات لە قۆناخی چارەکی کۆتایی مۆندیال کە بڕیارە ڕۆژی شەممە بەڕێوەبچێت، کێشەیەکی تەندرووستی چاوەڕواننەکراو رووی لە کەمپی مەشق و راهێنانەکانی تیمەکە کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگەی RMC Sport، لە چەند کاتژمێری رابردوو چەندین یاریزانی هەڵبژاردەی نەرویج هەستیان بە بێهێزییەکی زۆر کردووە و تووشی کۆکە بوون، ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانی بۆ دەستەی راهێنەران پێش رووبەڕووبوونەوە قورسەکەیان بەرامبەر ئینگڵتەرا.

ستۆل سۆلباكن، راهێنەری هەڵبژاردەی نەرویج، بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە زۆر زوو هاتە دەنگ و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بڕوا ناکات هۆکاری ئەم دۆخە بڵاوبوونەوەی هیچ جۆرە ڤایرۆسێک بێت لە نێو یاریزانەکاندا.

راهێنەرەکە هۆکاری دروستبوونی ئەم حاڵەتانەی گەڕاندەوە بۆ چەند هۆکارێکی دیکە؛ شەکەتی و ماندووبوونی زۆری یاریزانەکان بەهۆی یارییە یەک لەدوای یەکەکانی پاڵەوانێتییەکە، کاریگەرییەکانی سیستەمی فێنککەرەوە [ئامێرەکانی ساردکردنەوە] لە هۆتێل و یاریگاکاندا، خشتەی سەخت و قەرەباڵغی گەشتەکانی تیپەکە لە ماوەی رابردوو.

ئەم شەپۆلە نوێیەی نەخۆشی لە کاتێکدایە کە پێشتریش چەند یاریزانێکی نەرویج کێشەی تەندرووستیان هەبووە، یۆرگن ستراند لارسن، ئەستێرەی هێڵی پێشەوەی هەڵبژاردەکە، بەم دواییانە نەخۆشی چاکبووەتەوە.

لە هەمان کاتدا، مارکۆس پێدێرسن بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی لە یاریی پێشوویاندا کە تێیدا سەرکەوتنێکی مێژووییان بەسەر بەرازیل بەدەستهێنا، بەشداریی بکات.

ئێستا چاوی هەمووان لەسەر تیمی پزیشکی نەرویجە بۆ ئەوەی بزانرێت تاوەکوو چەند دەتوانن یاریزانەکان بەتەواوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئینگلیزەکان ئامادە بکەن، لە پێناو گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال.

بابەتی زیاتر

Back to top button