
یاریگا –
دەرفەتێکی گەورە بۆ گابریێل سارا هاتووەتەپێشەوە بۆ یەکەمین جار درێسی هەڵبژاردەی بەڕازیل بپۆشێت.
سارا ئێستا تەمەنی 26 ساڵە و لە هێڵی ناوەڕاست یاریی دەکات. دوو هۆکاری هەبوون بۆ ئەوەی کارلۆ ئانچێلۆتی لە لیستی بەرایی بەڕازیلدا جێی بکاتەوە بۆ دوو یاریی دۆستانەی سامبا بەرامبەر هەڵبژاردەکانی فەڕەنسا و کڕواتیا لە 26 و 31ی ئەم مانگە وەک ئامادەکاریی بۆ یارییەکانی مۆندیالی ئەم ساڵ.
ناوبراو کە تا ئێستا درێسی سێلیساوی نەپۆشیوە، لە هاوینی 2024 بە گرێبەستێکی 5 ساڵی لە نۆرویچ سیتیەوە پەیوەندی بە گالاتاسەڕای کرد. ئەم وەرزە ئاستێکی باش لەگەڵ یانە تورکیەکە پێشکەش دەکات. شەوی رابردووش رەگەزێکی گرنگ بوو لە بردنەوەکەیان 1-0 لە یاریی چوونی قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر لیڤەرپوول.
جیا لە ئاستەکەی، نەهامەتیی پێکانەکەی بڕونۆ گیمارایش لەگەڵ یانەی نیوکاسڵ کە 10ی مانگی رابردوو بەرامبەر تۆتنهام تووشی هات، دەرگای ئومێدی لە گابریێل کردەوە بە خەونی پۆشینی درێسە ئاڵتوونیەکە بگات.
بەمزووانە ئانچێلۆتی لیستی بەرایی رادەگەیەنێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ناوی سارای تێدا دەبێت. ئەوە دوای ئەوەی ناوەڕاستکارەکانی دیکەی وەک جێرسن لە کروزیرۆ، جین لوکاس لە باهیا، جۆیلینتن لە نیوکاسڵ، ئاندرێ و جواو گۆمێز لە وۆڵڤز لەلایەن دەستەی راهێنەرایەتی بەڕازیلەوە تاقیکرانەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
🚨🇧🇷 Following Bruno Guimarães injury, Brazil are set to include Galatasaray midfielder Gabriel Sara into their pre list for March.
Ancelotti’s pre list will be announced soon, then final decision will follow.
Gabriel Sara and Rayan, expected to be in as @cahemota reported. pic.twitter.com/R8rWhD9KSU
— Fabrizio Romano (@FabrizioRomano) March 11, 2026



