
یاریگا –
کاسێمێرۆ، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید، لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ ریۆ فێردینارد، تیشکی خستە سەر ژیانی وەرزشی خۆی و هاوڕێکانی.
کاسێمێرۆ باس لە پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ کارلۆ ئانچیلۆتی دەکات و دەڵێت؛
ئەو تەنیا راهێنەرم نییە، بەڵکوو هاوڕێی نزیکمە. ئەو دەزانێت چۆن دۆخەکە هێور بکاتەوە، ئەوەش نهێنی تایبەتمەندی ئەوە.
سەبارەت بە هاونیشتمانەکەی، نێیمار دا سیلڤا، کاسێمێرۆ رایگەیاند کە ئەگەر بڕیار لای ئەو بووایە، نێیماری دەبردەمۆندیال، چونکە ئەو دەتوانێت لە ئەنجامی 0-0 بە گۆڵێک یان ئەسیستێکی جادوویی هەموو شتێک بگۆڕێت، هەرچەندە دان بەوەشدا دەنێت کە بڕیاری کۆتایی لای ئانچێلۆتییە.
کاتێک باس گەیشتە سەر بەراوردکاری، ئەفسانەکەی ریال مەدرید، لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی وەکوو بوونەوەری ئاسمانی وەسف کرد کە بەهۆی بەردەوامییان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە لوتکەدا، جیاوازن لە هەموو یاریزانێکی دیکە، بەڵام هەمووانی تووشی شۆک کرد کاتێک گوتی؛
کریستیانۆ لە جیهانێکی دیکەوە هاتووە و باشترینە، بەڵام گاریس بەیڵ تەواوترین یاریزانە کە بینیبێتم، هێرش دەبات، بەرگری دەکات، بە سەر گۆڵ دەکات، زۆر خێرا و بەهێزە، باوەڕپێنەکراوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە پەیوەندییە بەهێزەکەی خۆی لەگەڵ لۆکا مۆدریچ و تۆنی کرووس کرد؛
من، کرووس و مۆدریچ لەنێو یاریگا زۆر قسەمان نەدەکرد، راستە لە راهێنان لەگەڵ یەکتر کارمان دەکرد بەڵام تەنیا بە سەیرکردنیان دەمزانی چییان دەوێت.
Be the first to watch! Join the premiere from 8am BST 🎥 https://t.co/oxJzH58Qy2
— Rio Ferdinand Presents (@RioMeets) May 11, 2026



