ئاژاوە لە پۆرتوگال؛ قسەکانی جواو نێڤێش، هەواڵی درۆ و کاردانەوەی جۆرجینا
قەیرانیکی گەورە بەرۆکی پۆرتوگالی گرتووە

یاریگا –
دوای یەکسانبوونە چاوەڕواننەکراوەکەیان بەرامبەر کۆنگۆی دیموکرات، کەشوهەوای نێو هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەهۆی سۆشیاڵ میدیا، هەواڵی ساختە و ژاوەژاوی هاندەرانەوە کەوتووە بەردەم گێژاوێکی گەورە کە بەردەوام لە تەشەنەسەندندایە.
چیرۆکەکە چۆن دەستیپێکرد؟
هەموو شتێک لە لێدوانێکی جواو نێڤێشی یاریزانی لاوی پۆرتوگالەوە دەستیپێکرد، کاتێک سەبارەت بە رۆڵی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یارییەکەدا گوتی؛
دەزانین کریستیانۆ چی بۆ هەڵبژاردەکەمان و تۆپی پێ کردووە. بەڵام پێم وایە ئەویش یاریزانێکە وەکوو ئێمە و جیاوازییەکی نییە.
ئەم قسانە لەلایەن ملیۆنان هاندەری رۆناڵدۆوە لە سەرانسەری جیهان، وەووک بێڕێزی و هێرشێک بۆ سەر یاریزانەکە لێکدرایەوە.
هەواڵی درۆ و زیرەکیی دەستکرد بەکاردەهێنرێت
لەم نێوەندەدا، شەڕێکی گەورە لە سۆشیاڵ میدیا هەڵگیرسا، چەندین لێدوانی درۆ کە بە زیرەکیی دەستکرد دروستکرابوون بەناوی نێڤێشو بڕونۆ فێرناندێشەوە بڵاوکرانەوە.
گەورەترین ئاژاوەش کاتێک دروست بوو کە کۆمێنتێکی ساختە بەناوی مادالێنا ئاراگاو، خۆشەویستەکەی نێڤێش بڵاوکرایەوە کە گوایە بە هاندەرێکی رۆناڵدۆی گوتووە؛ بە باشترین یاریزانی مێژووتان بڵێن با بڕوات، ئەو زۆر خۆپەرستە.
ئەم کۆمێنتە هەرگیز نەبووە، بەڵام ملیۆنان بینەری هەبوو.
وەڵامەکەی جۆرجینا رۆدریگێز
ئەم کۆمێنتە ساختەیە هێندە بەخێرایی بڵاوبووەوە، تەنانەت رۆژنامەی Récordـی مەکسیکیش وەکوو هەواڵێک بڵاویکردەوە، هەر ئەمەش وایکرد جۆرجینا بێتە دەنگ و بە کۆمێنتێک لەسەر پۆستی رۆژنامەکە بنووسێت؛
واو، ئەم نەوەیە زۆر بەهێز دێن.

کاردانەوەی یاریزانان و پەیامەکەی رۆناڵدۆ
لە نێوخۆی کەمپی پۆرتوگال، بەرپرسان و یاریزانان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن؛ روبن دیاس بە رۆژنامەنووسانی گوت کە ئەوان خۆیان لەو ژاوەژاوەی سۆشیاڵ میدیا دوورخستووەتەوە و ئەم قسانە هیچ بنەمایەکیان نییە.
لە کۆتاییدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ خۆی بڕیاری دا کۆتایی بە دەنگۆکان بهێنێت؛ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام، وێنەیەکی بەکۆمەڵی مەشقەکانی بڵاوکردەوە کە جواو نێڤێشیش لە وێنەکەدا دەردەکەوێت، بە پەیامێکی کورت و روون نووسی؛ هەمیشە یەکگرتووین.
پۆرتوگال لە ژێر ئەم فشارە میدیاییە گەورەیەدا، خۆی بۆ دووەم یاریی قۆناخی کۆمەڵەکان بەرامبەر ئوزبەکستان ئامادە دەکات و چاوەڕێ دەکرێت پرسیاری رۆژنامەنووسان لەسەر ئەم ئاژاوەیە هێشتا بەردەوام بێت.



