ستەممان لێ کراوە؛ جەزائیر لای فیفا سکاڵا لە دژی ئەرجەنتین تۆمار دەکات
وەڵامی فیفا چییە؟

یاریگا –
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جەزائیر بە فەرمی پەیوەندی بە فیفاوە کردووە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئاستی ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرامبەر ئەرجەنتین.
جەزائیر بەرامبەر ئەرجەنتین 3-0 دووچاری شکست هات و هەڵبژاردەکە پێی وایە بڕیارەکانی شیمۆن مارچییاک، ناوبژیوانی پۆڵەندی، زیانی گەورەی بە هەڵبژاردەکەیان گەیاندووە.
La Fédération algérienne saisit la FIFA au sujet de l’arbitrage après sa défaite face à l’Argentine pour son entrée en lice à la Coupe du monde
➡️ https://t.co/26KSTo1oFB pic.twitter.com/cxnItMuoZs— L’Équipe (@lequipe) June 19, 2026
بەگوێرەی راپۆرتی میدیاکانی جەزائیر، بەتایبەت پێگەی TSA، فیدراسیۆنی تۆپی پێی جەزائیر سکاڵاکەی لەسەر دوو رووداوی سەرەکیی نێو یارییەکە بووە.
لێدانەکەی مێسی لە خولەکی 32
لە کاتی ململانێیەکدا، لیۆنێل مێسی بەتوندی قاچی خستە سەر قاچی عیسا ماندی، بەرگریکاری جەزائیر و لە سکاڵاکەدا هاتووە، ئەم رەفتارە مەترسیدارە دەبوو کارتی سووری راستەوخۆی بۆ مێسی لێ بکەوێتەوە، ئەوان تووڕەن کە مێسی تەنانەت کارتی زەردیشی پێ نەدراوە.
ئانیشکەکەی ماک ئالیستەر لە خولەکی 74
ئالێکسیس ماک ئالیستەر، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ئەرجەنتین، بە ئانیشک کێشای بە دەموچاوی ئیبراهیم مازا، یاریزانی جەزائیر و ئەم بڕیارەش لەلایەن ناوبژیوانەوە بێ هیچ سزایەک تێپەڕی، بۆیە جەزائیر ئەم بڕیارەشی بە نادادپەروەرانە دەزانێت و پێی وایە دەبوو بێ سزا تێنەپەڕێت.
تاوەکوو ئێستا فیفا هیچ وەڵامێکی فەرمی بۆ داواکارییەکەی جەزائیر نەداوەتەوە، بەڵام لە رووی مێژووییەوە، زۆر دەگمەنە سکاڵای لەم شێوەیە ئەنجامی گەورە یان سزای قورسی لێ بکەوێتەوە.



