گرنگترینمۆندیالی 2026

بێرێزی بە کریستیانۆ کردووە؛ هاندەرانی پۆرتوگال داوای دوورخستنەوەی جواو نێڤێش دەکەن

هاندەرانی پۆرتوگال جواو نێڤێش بە بێرێز ناودەبەن

Yariga App

یاریگا –

بەشێکی زۆر لە هاندەرانی پۆرتوگال لە سۆشیاڵ میدیا هێرشێکی فراونیان کردووەتەوە سەر جواو نێڤێش، یاریزانی لاوی هەڵبژاردەکە و سووکایەتی پێ دەکەن.

لە تۆپی پێدا، هەندێک ناو هێڵی سوورن؛ کاتێک دەستیان بۆ دەبەیت، دەبێت چاوەڕێی گەردەلوولێکی گەورە بکەیت، ئەمە رێک ئەو هەڵەیەیە کە جواو نێڤێش کردی، کاتێک بە چەند وشەیەک هەوڵیدا قەبارەی ئەفسانەیەکی وەکوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ بچووک بکاتەوە. ئێستا، ئەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەوتووەتە بەر شاڵاوێکی ئێجگاری فراونی رەخنە و هێرش.

ئەم تووڕەییە کاتێک دروست بوو کە نێڤێش بە لێدوانێک، کە زۆرێک بە بێڕێزی وەسفیان کرد، گوتی؛

هەموومان دەزانین کریستیانۆ چی بۆ ئێمە، بۆ هەڵبژاردەکە و جیهانی تۆپی پێ کردووە، بەڵام ئێستا خۆیشی و ئێمەش باش دەزانین کە ئەو چیدیکە جیاواز نییە و تەنیا یاریزانێکە وەکوو ئێمە.

بۆ هاندەرانی دۆن، ئەم قسانە لە زاری یاریزانێکی گەنجەوە کە هێشتا لە سەرەتای کاروانەکەیدایە و تەمەنی تەنیا 21 ساڵە، سووکایەتییەکی گەورە و قبوڵنەکراوە بەو مێژووەی رۆناڵدۆ کە زیاتر لە دوو دەیە هەڵبژاردەی پۆرتوگالی لەسەر شانی هەڵگرتووە. هاندەران دەپرسن؛ چۆن دەوێریت بە گۆڵکاری مێژوویی جیهان بڵێیت ئیتر جیاواز نییە؟

بومەلەرزە لە سۆشیاڵ میدیا؛ نێڤێش لە ژێر ئاگری هاندەراندایە
کاردانەوەکان تەنیا لە رەخنەیەکی ئاساییدا نەمانەوە؛ ئینستاگرام و پەیجە فەرمییەکانی نێڤێش و تەنانەت بەشێک لە یاریزانانی دیکەی پۆرتوگال، بوونەتە گۆڕەپانی شەڕێکی گەورەی ئەلیکترۆنی، هەزاران هاندەر لە سەرانسەری جیهانەوە رژاونەتە سەر ئەکاونتەکانی ئەو یاریزانە گەنجە و هێرشی توند دەکەنە سەری.

هەندێک بە بێوەفا، نەزان و بێڕێز ناوی دەبەن و بەشێکی دیکەش تۆمەتباری دەکەن بەوەی کە ئەو و یاریزانەکانی دیکە بەمەبەست لەنێو یاریگا تۆپ بە رۆناڵدۆ نادەن، تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە سەردەمی ئەو کۆتایی هاتووە,  هێرشەکان هێندە چڕبوونەتەوە، بەشێک لە هاندەران هەڵمەتیان دەستپێکردووە و داوای دوورخستنەوەی نێڤێش لە پێکهاتەی سەرەکی دەکەن، تاوەکوو فێری رێزگرتن ببێت لە ئەفسانەکانی وڵاتەکەی.

شەپۆلی تووڕەییەکە خەریکە کاریگەری لەسەر ئارامیی نێو ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردەکە دروست دەکات. نێڤێش دەیویست بیسەلمێنێت کە پۆرتوگال چیدکە تەنیا یەک یاریزان نییە، بەڵام شێوازی دەربڕینەکەی وای کرد وەکوو کەسێکی بێڕێز بەرامبەر بە کاپتنەکەی دەربکەوێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button