نهێنییەکی سەیر؛ کارلۆ ئانچێلۆتی دوو لیستی جیاوازی بۆ مۆندیال ئامادەکردووە
لە کۆتا چرکە گۆڕانکارییە گەورەکە روویداوە..

یاریگا –
شەوی رابردوو کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل، لیستی کۆتایی هەڵبژاردەکەی بۆ مۆندیالی 2026 راگەیاند و نێیمار دا سیلڤا، هێرشبەری سامبا بنگهێشتی مۆندیال کرا.
رۆژنامەی UOL بڵاویکردووەتەوە، کارلۆ ئانچێلۆتی دوو لیستی بۆ مۆندیال ئامادە کردووە، لە لیستێک ناوی نێیماری تێدا بووە و لە لیستەکەی دیکەش لەبری نێیمار ناوی جۆاو پێدرۆی تێدابووە، لە کۆتا خولەک ئەو لیستەی خوێندووەتەوە کە ناوی نێیماری تێدابووە.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، پاش ئەوەی نێیمار دوایین یاریی سانتۆس لە پاژنەی پێی هەستی بە ئازار کردووە، کارلۆ ئانچێلۆتی دوودڵ بووە و ترساوە بۆ مۆندیال ئامادە نەبێت، ئانچێلۆتی پێشتر بڕیاری بانگهێشتکردنی نێیماری دابوو، بەڵام ئەو ترسی خستبووە دڵی، بۆیە تاوەکوو کۆتا چرکە چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکان بوو.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی شەوی رابردوو هەردوو لیستەکەی پێبووە و خۆی بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازاو ئامادە کردووە.
پێکانەکەی نێیمار گرژی لەناو کەمپی هەڵبژاردەی بەڕازیل دروستکردووە، بەڵام دوای ئەوەی ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکان ئەرێنی بووە، ئانچێلۆتی بڕیاریداوە نێیمار هەڵبژێرێت و جۆاو پێدرۆ دوورخراوەتەوە.



