ئه‌مریکاگرنگترینمۆندیالی 2026

ئەوەی دەیڵێن بێمانایە؛ ئانچێلۆتی وەڵامی رەخنەکانی سەر ریال مەدرید دەداتەوە

"مۆندیال تەنیا بە بەهرە نابرێتەوە"

Yariga App

یاریگا –

تەنیا مانگێک پێش دەستپێکردنی گەورەترین کەرنەڤاڵی تۆپی پێ، کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردەکەی و یادگارییەکانی لە مەدرید دەکات.

ئانچیلۆتی کە ئێستا تەمەنی 66 ساڵە، وەکوو یەکەم راهێنەری بیانی بەرازیل لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا، لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ تۆڕی ئاتلێتیک باس لەوە دەکات ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە؛ گەڕاندنەوەی نازناوی مۆندیال دوای 24 ساڵ.

بەرازیل و مۆندیالی 2026؛ لیستەکە چۆنە؟

کارلیتۆ ئاشکرای کرد کە لە کۆی 26 یاریزان، ناوی 24 یاریزانی یەکلایی کردووەتەوە.

دۆزینەوەی ئەو دوو یاریزانەی کۆتایی قورسترین کارە، چونکە کێبڕکێکە زۆر بەهێزە.

ئانچیلۆتی و تیمەکەی چاودێری زیاتر لە 70 یاریزانی بەڕازیلییان لە سەرانسەری جیهاندا کردووە، لە خولەکانی ئەوروپاوە تاوەکوو تورکیا، رووسیا و سعوودیە، بەڵام گەورەترین نیگەرانی ئەو پێکانە. ئەو دەڵێت بە ترسەوە سەیری یارییەکان دەکات، چونکە پێشتر ئیدێر میلیتاو و رۆدریگۆی لەدەستداوە و ئیستێڤاو، یاریزانی چێڵسیش بەهۆی پێکانەوە بەشداریکردنی ئەستەمە.

نێیمار بانگهێشت دەکرێت؟

دەربارەی نێیماری تەمەن 34 ساڵ، کە ئێستا لە سانتۆس یاریی دەکات، ئانچێلۆتی دەڵێت؛

نێیمار بەشێکە لە بیرکردنەوەکانی من، بەڵام بڕیاری کۆتایی بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی جەستەیی دەبێت. کێشەی ئێمە ئەوە نییە نێیمار دەزانێت تۆپ رابگرێت یان پاس بدات، چونکە ئەو بەهرەمەندێکی گەورەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە؛ لە رووی جەستەییەوە ئامادەیە؟

راستییەکان دەربارەی ریال مەدرید؛ وەڵامێکی توند بۆ رەخنەگران

ئانچێلۆتی بە توندی بەرگری لە سەردەمی خۆی لە ریال مەدرید کرد و ئەو قسانەی رەتکردەوە کە دەڵێن یاریزانانی مەدرید هەرچییەکیان بووێت دەیکەن و یانەکە ستراتیژی نییە.

ئەوەی دەوترێت مەدرید ستراتیژی نییە، قسەی بێمانایە، مەگەر دەکرێت بەبێ ستراتیژ لە چوار ساڵدا دوو جار چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنیت؟ یاریزانەکان بە تەواوی پابەندی پلانەکان بوون.

من هەمیشە وەکوو مرۆڤ مامەڵەم لەگەڵ یاریزان کردووە نەک وەکوو یاریزان، گفتوگۆکردن لەگەڵ یاریزان لاوازی نییە، بەڵکوو هێزە، بۆ نموونە بیرۆکەی یاریکردنی پێرلۆ وەکوو ناوەڕاستکاری بەرگریی هی خودی پێرلۆ خۆی بوو نەک من.

 ئانچێلۆتی دەشڵێت، مەدرید ئێستا لە قۆناخی بونیادنانەوەدایە دوای رۆیشتنی سەرکردەکانی وەکوو کاسێمێرۆ، کروس، مۆدریچ، بێنزێما و ناچۆ، چونکە ئەوە تەنیا کێشەی هونەری نییە، بەڵکوو کێشەی کەسایەتی و سەرکردایەتییە.

مۆندیال بە تەنیا بە بەهرە نابرێتەوە

راهێنەرە ئیتاڵییەکە وانەیەکی مێژوویی دەداتە بەرازیلییەکان و دەڵێت ناکرێت تەنیا پشت بە مێژوو ببەستن.

هەمووان مۆندیالی 1994 بە رۆماریۆ و بێبێتۆوە دێتەوە یاد، بەڵام لە یادمان دەچێت ئەو تیمە چوار بەرگریکار و چوار یاریزانی ناوەڕاستکاری بەرگریی بەهێزی وەکوو دونگا و ماورۆ سیلڤای هەبوو. بەهرە بەتەنیا مۆندیال ناباتەوە، کۆتا یاریزان کە بە تەنیا مۆندیالی بردبێتەوە ماڕادۆنا بوو لە 1986، بەڵام تۆپی پێ گۆڕاوە.

کێ دەبێتە پاڵەوان؟

ئانچێلۆتی دەڵێت هیچ تیمێکی بێکەموکوڕی نییە. ئەو رکابەرە سەرەکییەکانی بەرازیل بە فەرەنسا، ئیسپانیا، ئەرجەنتین، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا و پۆرتوگال دەزانێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئارسیناڵ و پاریس سان جێرمان شایستەی ئەوە بوون لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ بن.

کارلیتۆ لە کۆتاییدا دەڵێت؛

لە مەدرید فێربووم کە چاوەڕوانییەکان لێت دەبنە پاڵنەر. بەرازیل نایەوێت تەنیا بەشدار بێت، بەرازیل دەیەوێت ببێتە پاڵەوان، ئەمە لێپرسراوێتییەکی گەورەیە و منیش بۆ ئەو جۆرە فشارانە لێرەم.

بابەتی زیاتر

Back to top button