
یاریگا –
ریال مەدرید پلان بۆ شۆڕشێکی گەورەی گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی یانەکە دادەنێت و دۆمینیک سۆبۆسلای، ناوەڕاستکاری لیڤەرپوول یەکێکە لە ئامانجەکانی داهاتووی.
ماڵپەڕی تیم تۆک بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید بە ئەنجامەکانی ئێستای دڵخۆش نییە، لە هاوینی داهاتوو دەیەوێت گۆڕانکاریی ریشەیی بکات و پێکهاتەکەی نوێ بکاتەوە، سۆبۆسلای یەکێکە ئامانجە جدییەکانی مێرەنگی.

پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەی هەنگاریا ئاشکرایکرد سۆبۆسلای خەون بە یاریکردن بە درێسی ریال مەدرید دەبینێت. هەروەها هاوڕێیەتی لەگەڵ چەند یاریزانێکی ریال مەدرید هەیە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆمێنتیان بۆ دەنووسێت.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ریال مەدرید لە وەرزی داهاتوو ئالڤارۆ ئاربێلوا دووردەخاتەوە و دەیەوێت ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە بە یورگن کڵۆپ بسپێرێت، ئەگەر ئەوەش رووبدات خواستی ناوەڕاستکارە هەنگارییەکە بۆ یاریکردن لە بێرنابیۆ زیاتر دەکات.
ناوەڕاستکارە 25 ساڵانییەکە لە هاوینی ساڵی 2023 بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ لە لایپزیگەوە پەیوەندی بە لیڤەرپووڵ کرد، تاوەکوو ساڵی 2028 گرێبەستی لەگەڵ رێدز هەیە، تاوەکوو ئێستا 132 یاریی بۆ یانەکە کردووە، 25 گۆڵی کردووە و 22 گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.



