
یاریگا –
گاری لینیکەر باس لە وێستگەی داهاتووی یاریکردنی خولیان ئالڤارێز و دۆخی ئێستای لە ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات.
لینیکەر لە نوێترین لێدوانیدا بۆ پۆدکاستی The Rest Is Football رایگەیاند، پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەنگۆکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بکرێت، بەڵام ئاشکرایکرد ئاگاداری دۆخی ئالڤارێزە لەگەڵ رۆخی بلانکۆس و پێیوایە کە هەست بە ئاسوودەیی ناکات.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، لینیکەر دەڵێت ئالڤارێز ئەو هێرشبەرەیە کە گەنەرز بەدوایدا دەگەڕێت چونکە توانای یەکلاییکردنەوەی یارییەکان و دروستکردنی جیاوازی هەیە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ESPN، ئارسیناڵ بەدوای هێرشبەرێکی گۆڵکاردا دەگەڕێت، ئەمەش دوای پێشکەشنەکردنی ئەو ئاستەی لە ڤیکتۆر یۆکێریش چاوەڕواندەکرا. هەر بەپێی زانیارییەکان، ئاتلێتیکۆ لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە داوای زیاتر 100 ملیۆن یۆرۆ دەکات.
ئالڤارێز تاوەکو هاوینی 2030 گرێبەستی لەگەڵ رۆخی بلانکۆس هەیە، بە درێسی ئەو یانەیە بەشداریی 85 یاریی کردووە، 40 گۆڵی کردووە و 13 گۆڵی دروستکردووە.



