
یاریگا –
جارێکی دیکە دێربی مەدرید گرژی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی، ئەم جارەیان بە دەمەقاڵێی نێوان بەرازیلی و ئەرجەنتینییەک، ڤینیسیۆس جونیۆر و دیێگۆ سیمیۆنی دەستیپێکرد.
رۆژنامەی مارکا لە راپۆرتێکدا ئەوەی لەژێر بەڕەیە دەیهینێتە سەر بەڕە و هۆکاری سەرەکی ئاڵۆزییەکانی دوێنێ شەوی دێربی مەدرید ئاشکرادەکات.
بەگوێرەی رۆژنامە مەدریدییەکە، لە گێمی یەکەمدا کورسی یەدەکی ئاتلیتیکۆ مەدرید داوای لێدانی سزا دەکەن، کاتێک تۆپێکی خولیان ئالڤارێز بەر دەستی ئانتۆنیۆ رودیگەر دەکەوێت، لەوکاتەدا ڤینیسیۆس روو لە یاریزانە یەدەکەکانی رۆخی بلانکۆس دەکات و بە گاڵتەپێکردنەوە پێیان دەڵێت نیگەران مەبن، ناوبژیوان پێناڵتیتان هەر بۆ هەژمار دەکات.
هەر لەوکاتەدا، دیێگۆ سیمیۆنی لە نزیک رووداوەکەیە و گوێی لە قسەکانی هێرشبەرە بەرازیلییەکە دەبێت، داوای لێ دەکات یاریی خۆی بکات و خۆی بە کورسی یەدەکی ئەوانەوە سەرقاڵ نەکات، بەڵام ڤینی بەدەم پێکەنینەوە بەردەوام قسەکانی دەڵێتەوە، ئەمەش راهێنەرە ئەرجینتینییەکە توورەدەکات.
سیمیۆنی بە تووندی وەڵامی ئەستێرەکەی لۆس بلانکۆسی دایەوە و گوتی:
ڤینی ڤینی، فلۆرێنتینۆ پێرێز دەرت دەکات، ئەو قسەیەمت لەبیربێت.

گرژییەکان کۆتاییان نەهات و لە نێوان گێمەکان سیمیۆنی گلەیی خۆی گەیاندنە دانی کارڤاخاڵ، کاپتنی یانەی شاهانە و پێی دەڵێت کە ڤینیسیۆس بێڕێزی بە یاریزانانی یانەکەی کردووە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە بەرپرسانی ئاتلێتکۆ مەدرید پێیانوایە ئەم رووداوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ڤینیسیۆس خۆی هۆکاری دەمەقاڵێ و گرژییەکانی نێو یاریگایە، هەروەها رەفتارەکانی هەموو سنوورێکی بەزاندووە، شەڕ بە یاریزانانی بەرامبەر، ناوبژیوانان، هاندەران، تەنانەت راهێنەر و هاوڕێکانیشی دەفرۆشێت و چیدیکە جێی قبووڵکردن نییە.



