ئیسپانیاگرنگترین

ڤینیسیۆس جونیۆر لەبەردەم دووڕیانێکە؛ پێرێز مەرجی کۆتایی بۆ ڤینیسیۆس دادەنێت

ڤینیسیۆس و مەدرید گەیشتوونەتە بنبەست

Yariga App

یاریگا –

داهاتووی ڤینیسیۆس جونیۆر لەگەڵ ریال مەدرید چووەتە قۆناخێکی نوێ و تەواو ئاڵۆزەوە.

رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، بۆ چەندین مانگ، یانەی ریال مەدرید ئەوەی وەکوو کارێکی مسۆگەر داینابوو کە درەنگ یان زوو دەگەنە رێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی بۆندەکەی ئەستێرە بەڕازیلییەکە، بەتایبەتی دوای رۆیشتنی چابی ئاڵۆنسۆ، بەڵام نوێترین لێدوان و پێشهاتەکانی سەرجەم لایەنەکان، وێنەیەکی تەواو جیاوازمان پێشاندەدات؛ یانەکە هێشتا دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام ئامادە نییە بە هەر نرخێک بێت ئەو کارە بکات.

قسەکانی ڤینیسیۆس لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی CazeTV، نەک هەر گومانەکانی نەڕەواندەوە، بەڵکوو دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد.

لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم پەلەم نییە، کاتم لەبەردەستە تاوەکوو ساڵی 2027. بۆیە تاوەکوو ئەو کاتە شتی زۆرمان هەیە لەگەڵ ریال مەدرید گفتوگۆی لەسەر بکەین.

هەرچەندە هێرشبەرە بەڕازیلییەکە پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە متمانەی تەواو لە نێوان ئەو و فلۆرێنتینۆ پێرێزدا هەیە و ئارەزووی خۆی بۆ مانەوەی درێژخایەن لە بێرنابیۆ دووپاتکردەوە، بەڵام ئەوەی بە روونی گەیاند کە هیچ پەلەیەک لە دۆسیەی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی ناکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەمتر لە مانگێکی ماوە پێبنێتە نێو ساڵی کۆتایی گرێبەستەکەیەوە.

لە بەرامبەردا، یانەی ریال مەدرید هەست بەو گڕوتینەی جاران ناکات. فلۆرێنتینۆ پێرێز بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە دەیەوێت ڤینیسیۆس بمێنێتەوە چونکە بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهانی دەزانێت، بەڵام لە پێدانی هەر دڵناییەک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە داهاتوویەکی نزیک خۆی بەدوورگرتووە.

لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەکە، پێرێز کیلیان ئێمباپێی وەکوو گەورەترین هێمای وەرزشیی تیپەکە داناوە و بە باشترین یاریزانی مەدرید وەسفی کردووە؛ ئەمەش وردەکارییەکە کە بەسەر ڤینیسیۆس تێنەپەڕیوە و نیگەرانی کردووە.

ڤینیسیۆس جونیۆر، یاریزانی ریال مەدرید

هۆکارە ئابوورییەکان و فشاری هاندەران
ئەم گۆڕانکارییە دراماتیکییە پەیوەندییەکی قووڵی بەو تێڕوانینەوە هەیە کە ئێستا لەنێو ژینگەی مێرێنگیدا بەرامبەر ڤینیسیۆس دروستبووە. سەرەڕای ئەوەی پێرێز هێشتا یەکێکە لە بەرگریکارە سەرسەختەکانی یاریزانەکە، بەڵام هیچ کۆدەنگییەک لەنێو هاندەران و دەستەی کارگێڕی لەسەر مانەوەی نەماوە.

جۆزێپ پێدرێرۆڵ، پێشکەشکاری بەرنامەی ئێل چێرێنگێتۆ، لەم بارەیەوە شیکارییەکی وردی خستەڕوو؛

لەنێو یانەکە کەسانێک هەن کە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بە شتێکی یەکلاییبووەوە نابینن. ئەگەر پێرێز لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بڵێت گرێبەستی ڤینیسیۆس بۆ پێنج ساڵی دیکە نوێ دەکاتەوە، ئەوا دەنگ ناهێنێت، بەڵکوو بێگومان دەنگیشی لێ کەمدەکاتەوە.

ئەم قسانە رەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەن کە لە دیدگای بەشێک لە هاندەرانی ریال مەدرید بەرامبەر یاریزانێک کە تاوەکوو چەند ساڵێک لەمەوبەر وەکوو دەستلێنەدراو سەیر دەکرا دروستبووە، بەڵام لە چەند مانگی رابردوو فیکەی ناڕەزایەتییەکی زۆری لەنێو خودی بێرنابیۆ بۆ لێدراوە و هەست بە جۆرێک لە لێکدابڕان دەکرێت.

هاوینێکی چارەنووسساز و بڕیارە قورسەکە
رۆژنامە کاتالوونییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، مێرێنگی گرێبەستێکی نوێی خستووەتە بەردەم ڤینیسیۆس، بەڵام چیدیکە هەست ناکرێت ئامادەبن مل بۆ داواکارییە داراییەکانی یاریزانەکە بدەن.

پێدرێرۆڵ دۆخەکەی بەم شێوەیە کورت کردەوە؛

ئەگەر مەرجە داراییە کەمترەکان قبووڵ بکات، ئەوا گرێبەستەکەی نوێ دەکاتەوە، ئەگەریش نا، ئەوا دەڕوات.

لەم چوارچێوەیەدا، هاوینی ساڵی 2026 دەبێتە وێستگەیەکی یەکلاییکەرەوە. لە رێکەوتی 30ـی حوزەیرانی 2026، ڤینیسیۆس بە فەرمی پێدەنێتە ساڵی کۆتایی گرێبەستەکەیەوە و لە 1ـی کانوونی دووەمی 2027ـەوە دەتوانێت بە ئازادی لەگەڵ هەر یانەیەکی دیکە دانوستان بکات و بە بێ یەک یۆرۆ مەدرید جێبهێڵێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button