
یاریگا –
پێشهاتی نوێ و شۆککەر شەقامی وەرزشیی ئیسپانی و ئینگلیزی دەهەژێنن، بەتایبەت لە کاتێکدا کە رکابەرایەتی و بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی نوێ لەناو ماڵی یانەی ریال مەدرید گەرمبووە.
ئێنریکێ ریکێلمێ، بەربژێر بۆ کورسی سەرۆکایەتی ریال مەدرید، بۆمبێکی گەورەی لە بازاڕی گواستنەوەی راهێنەران دەتەقێنێتەوە.
پێگەی OK Diario بڵاویکردووەتەوە، ریکێلمێ بڕیاری کۆتایی خۆی داوە کە لە ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ریال مەدرید، میکێل ئارتێتای ئیسپانی و ئەندازیاری گەشەسەندنەکانی یانەی ئارسیناڵ، بکاتە سەرکردەی پڕۆژە وەرزشییە نوێیەکەی یانە شاهانەکە بۆ قۆناخی داهاتوو.

هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەم پلانە تەنیا بیرۆکە نییە، بەڵکوو چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە چەند رۆژی رابردوو دانوستانی فەرمی لە نێوان نوێنەرانی ریکێلمێ و ئارتێتا هەبووە. شۆکی گەورە بۆ پێکهاتە و هاندەرانی تۆپچییەکانی لەندەن ئەوەیە کە ئارتێتا وەڵامی ئەرێنی هەبووە، پێشوازی لە پڕۆژەی ریال مەدرید کردووە و بە فەرمی بەڵێی بۆ کردوون.



