ئیتاڵیائیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

تەواو؛ ئەستێرەیەکی لاو ریال مەدرید بەرەو ئیتاڵیا جێدەهێڵێت

لەلایەن چەندین یانەی گەورەی ئەورووپاوە لەژێر چاودێریدایە

Yariga App

یاریگا –

فیۆرێنتینا بڕی هەشت ملیۆن یۆرۆ بۆ بەدەستهێنانی 50%ـی مافەکانی ڤیکتۆر ڤاڵدێپێنیاس دەدات، هاوکات بەرگریکارە تەمەن 19 ساڵەکە گرێبەستێکی پێنج ساڵە واژۆ دەکات.

پرۆسەی فرۆشتنی یاریزانان لە ڤاڵدێبێباس بەردەوامە و ریال مەدرید کۆکردنەوەی داهات لە رێگەی فرۆشتنی یاریزانانی ئەکادیمیاکەیەوە راناگرێت. یانەی شاهانە ڤیکتۆر ڤاڵدیپێنیاسی بۆ فیۆرێنتینا گواستەوە. فابیۆ پاراتیچیی بەڕێوەبەری وەرزشیی فیۆرێنتینا و فابیۆ گرۆسۆی راهێنەری نوێ، کە پاڵەوانی مۆندیالی 2006 بوو لەگەڵ ئیتالیا، بڕیاریاندا وەبەرهێنانێکی گەورە لەسەر ئەم یاریزانە بکەن کە کانوونی یەکەمی رابردوو لەژێر سەرپەرشتیی چابی ئالۆنسۆ لە ڤیتۆریا یەکەم یاریی خۆی لەگەڵ تیمی یەکەمدا ئەنجامدا.

“ڤاڵدی”، وەکوو ئەوەی لە لا فابریکا ناسراوە، بەرگریکارێکە کە خاوەنی توانایەکی هێرشبەریی ناوازەیە و ماوەیەکی زۆرە لەلایەن چەندین یانەی گەورەی ئەورووپاوە لەژێر چاودێریدایە.

لە مانگەکانی رابردوودا، ئۆفەرەکان، بەتایبەتی لە ئیتالیاوە بۆ سەر مێزی ریال مەدرید و نوێنەرانی یاریزانەکە رژان. ئەیسی میلان لە هەفتەکانی رابردوودا چەندین خولی گفتوگۆی ئەنجامدا، هاوکات یوڤێنتوسیش لە کۆتا ساتدا هاتە نێو کێبڕکێکەوە. بەڵام لە کۆتاییدا فیۆرێنتینا کێبڕکێکەی بردەوە سەرەڕای هەوڵە بەهێزەکانی ئینتراخت فرانکفۆرت لە دوا ساتەکاندا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەم بەرگریکارە فرەپێگەیەی لەدایکبووی مەدرید.

یاریزانەکە و کەسە نزیکەکانی بەو پڕۆژە وەرزشی و داراییە گەورەیە سەرسام بوون کە لەلایەن یانە تۆسکانییەکەوە پێشکەش کرا. ئەوان هاوكات پێیان وایە کە خولی ئیتالی خولێکە کە بە تەواوی لەگەڵ تایبەتمەندییە تەکنیکی و جەستەییەکانی ڤاڵدیپێنیاسدا دەگونجێت.

خولیای هێرشبەری، پتەوی لە بەرگریکردندا، گونجانی لە چەندین پێگەی جیاواز، توانای جەستەیی ناوازە و بواری گەشەکردنی، ئەو کوالێتییانە بوون کە بەرپرسانی فیۆرێنتینایان قایل کرد بۆ وەبەرهێنانی دارایی گەورە لە یاریزانێکی ئاوا گەنجدا، کە جگە لە یەکەم یاریی فەرمی لە تیمی یەکەمدا، پێشتر زیاتر لەگەڵ ریال مەدرید کاستیا لە خولی پلە سێی ئیسپانیادا یاریی دەکرد.

هێزی جەستەیی ڤاڵدی کاتێک دەرکەوت کە باشترین ئەنجامی لە پشکنینە جەستەییەکاندا بەدەستهێنا لە کاتی گەڕانەوەی ریال مەدرید بۆ راهێنانەکانی پێش وەرز، بە جۆرێک ئەو ژمارانەی تۆماری کردن تیمی راهێنەرایەتیی جۆزێ مۆرینیۆی سەرسام کرد.

ڤیکتۆر ڤاڵدێپێنیاس

یاریزانەکە ئێستا لە چاوەڕوانی رەزامەندیی کۆتاییدایە بۆ گەشتکردن بەرەو فلۆرێنس، ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان و واژۆکردنی فەرمیی گرێبەستەکەی وەکوو یاریزانی نوێی فیۆرێنتینا.

بەم گواستنەوەیە، داهاتی ریال مەدرید لە فرۆشتنی یاریزانانی ئەکادیمیاکەی بۆ 127 ملیۆن یۆرۆ بەرز دەبێتەوە، ئەمەش دوای رۆیشتنی دەرچووانی پێشووی لا فابریکا دێت کە لە شوێنەکانی دیکە درەوشاونەتەوە، لەوانەش نیکۆ پاز، ماریۆ خیلا، ڤیکتۆر مونۆز، ئالڤارۆ رۆدریگێز، ئالێکس خیمێنێز، فران گارسیا و ماریۆ مارتین و چەندینی دیکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button