ئیسپانیاگرنگترین

شۆڕشەکەی مۆرینیۆ لە ریال مەدرید؛ ئامانجەکانی سپێشەڵ وەن کێن؟

سەردەمێکی نوێی ریال مەدرید لەژێر دەستی مۆرینیۆ دەستپێدەکات

Yariga App

یاریگا –

گەڕانەوەی خۆزێ مۆرینیۆ بۆ یانەی ریال مەدرید دەکرێت ببێتە هۆی یەکێک لە گرنگترین دووبارە بونیادنانەوەکانی پێکهاتەی یانەکە لە مێژووی هاوچەرخیدا.

13 ساڵ دوای جێهێشتنی بێرنابیۆ، مۆرینیۆ ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە مەدرید، کە تێیدا راسپێردراوە بە گەڕاندنەوەی بنەمای توند، جێگیریی بەرگری و رۆشنبیریی سەرکەوتن لە دوای وەرزێکی بێزارکەر.

تۆڕی ئاتلێتیک لە راپۆرتێکی تێروتەسەلدا بڵاویکردووەتەوە، چەندین کێشەی پێکهاتەیی بە شێوەیەکی بەرچاو دەرکەوتوون. پێکانەکان لە سەرانسەری هێڵی بەرگری، نەبوونی مایسترۆیەکی راستەقینەی هێڵی ناوەڕاست دوای رۆیشتنی تۆنی کرووس و لۆکا مۆدریچ و هێڵێکی هێرشبەری ناهاوسەنگ، هەموویان هۆکار بوون بۆ خراپی ئەنجامەکانی یانەکە.

بەهێزکردنی هێڵی بەرگری لە پێشینەی کارەکانە

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئەمریکییەکە، لە یەکەمین ئەرکەکانی مۆرینیۆ بەهێزکردنی هێڵی دواوە دەبێت. داهاتووی پێگەی بەرگریکاری باڵی راست نادیارە، لە کاتێکدا پێکانە بەردەوامەکانی ئیدێر میلیتاو و ئانتۆنیۆ رودیگەر، نەبوونی قووڵایی بەرگریی مەدریدیان ئاشکرا کردووە.

لە نێوان ئەو ناوانەی بەستراونەتەوە بە یانەکەوە، نیکۆ شلۆتێربێک؛ بەرگریکارەکەی بۆڕوسیا دۆرتمۆند سەرەکیترین ئامانجی یانەکەیە، کە وەکوو یەکێک لە پێشکەوتووترین بەرگریکارانی ناوەندی لە ئەوروپا سەیر دەکرێت و بەرگریی شەڕانگێزانە و توانایەکی ناوازەی پاسدان پێکەوە کۆدەکاتەوە.

بژاردەیەکی دیکەی خاوەن نرخێکی بەرز ئالیساندرۆ باستۆنییە، کە ئارامییەکەی لە کاتی خاوەندارێتی تۆپدا و توانای بەرگریکردنی لە پێشەوەی یاریگادا، وای لێدەکات لە رووی تاکتیکییەوە بە تەواوی لەگەڵ سیستەمەکەی مۆرینیۆدا بگونجێت. بۆ پێگەی بەرگریکاری باڵی راستیش، مێرێنگی سەیری جولیان رێیرسن یان ئاندرێ راتسو بکات، کە دوو یاریزانن بە توندی، تێکۆشان و بەشدارییە هێرشبەرییەکانیان دەناسرێنەوە.

گەڕان بەدوای مایسترۆی هێڵی ناوەڕاست

لە کاتێکدا ریال مەدرید لە رووی جەستەییەوە بە بوونی بێڵینگهام، ڤالڤێردی و کاماڤینگا لە دۆخێکی باشدایە، بەڵام تیپەکە لەو یارییانەی کە رکابەرەکان بەرگری توند دەکەن، پێویستی بە یاریزانێکی رێکخەر هەیە لە شێوازی کرووس یان مۆدریچ، کە بتوانێت بە پاسی کورت و تیژ بەرگرییە قووڵەکان بشکێنێت.

 ئەگەر مۆرینیۆ بتوانێت بە پاڵپشتی بێڵینگهام و ڤالڤێردی ئەم لاوازییە بەرگرییە داپۆشێت، گولەر و چوامینی دەتوانن رۆڵی داڕێژەر لە قووڵاییەوە ببینن، بەڵام رەنگە راهێنەرە نوێیەکە بەدوای یاریزانێکدا بگەڕێت کە هاوشێوەی مۆدریچ بێت؛ واتە هەم لەژێر پاڵەپەستۆدا تۆپ لەدەستنەدات و هەم لە رووی بەرگرییەوە زیرەک و چالاک بێت.

بەربژێرەکان بۆ هێڵی ناوەڕاست

  1. ئانجێلۆ شتیلەر – شتوتگارت؛ ئەم یاریزانە تەمەن 25 ساڵە لە پاسدان لە قووڵاییەوە بەرەو پێشەوە نایابە. لەم وەرزەدا خاوەنی لە %19ـی کۆی پاسە بەرەوپێشچووەکانی تیپەکەی بووە کە حەوتەم بەرزترین رێژەیە لە ئەوروپا، ئەمەش دەریدەخات کە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ و ئاراستەکردنی هێرشەکان لێهاتووە.

  2. ئالێکس گارسیا – بایەر لیڤەرکوزن؛ لە پاسدان و لێدانی جێگیر و کرۆسی پێچەوانەدا لێهاتووە. لە وەرزی 2022-2023 لەگەڵ جیرۆنا یەکێک بوو لە باشترینەکانی لالیگا و لە پاسی درێژ رکابەری کرووسی دەکرد، وەرزەکەشی لەگەڵ لیڤەرکوزن بە بەهێزی کۆتاییپێهێنا.

  3. ئێدرسن – ئاتاڵانتا؛ ئەم بەڕازیلییە تەمەن 26 ساڵە لە خوێندنەوەی یاریی و وەرگرتنی تۆپ لە بەرامبەر لێهاتووە، بە پاسی کورت تۆپ دەپارێزێت و یارمەتی هاوڕێکانی دەدات بدرەوشێنەوە. مانچێستەر یونایتد لە هاوینی رابردووەوە چاودێریی دەکات.

  4. رۆدری هێرناندێز – مانچێستەر سیتی؛ ناوی براوەکەی باڵۆن دۆر لەم ساڵانەی دواییدا زۆر بە ریال مەدرید بەتسراوەتەوە، بەتایبەت کاتێک لە مانگی ئازار  گوتی ناتوانێت داواکارییەکی مەدرید رەتبکاتەوە. ئێستا تەمەنی 29  ساڵە و بەهۆی پچڕانی بەستەرەی خاچەکی لە ساڵی رابردوو کێشەی جەستەیی هەیە، بەڵام گواستنەوەی ئەو دەبێتە ئەو جۆرە بۆمبە گەورەیەیەی کە پێرێز حەزی لێیەتی.

کێشەی هاوسەنگی لە هێڵی هێرشبردن

سەرەڕای ئەوەی ریال مەدرید خاوەنی کوشندەترین و بەهەرەمەندترین هێڵی پێشەوەیە لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام هێڵی هێرشبەری یانەکە بووەتە یەکێک لە گەورەترین مەتەڵە تاکتیکییەکانی بەردەم راهێنەر.

کێشەی سەرەکی لەوەدایە کە هەریەکە لە کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر بە شێوەیەکی سرووشتی مەیلیان بەرەو باڵی چەپ هەیە، ئەمەش ناهاوسەنگییەکی گەورەی لە هێرشەکانی یانەکەدا دروستکردووە کە تیپە رکابەرەکان لەم وەرزەدا بە ئاسانی قۆستوویانەتەوە بۆ لێدان لە یانەی شاهانە.

 مۆرینیۆ ناچاردەبێت بڕیاری مێژوویی و قورس بدات بۆ رێکخستنەوەی پێکهاتەی گشتی تیپەکە. لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ئێمباپێ وەکوو چەقی سەرەکی و بزوێنەری هێرشەکان بمێنێتەوە، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: چۆن ڤینیسیۆس و ئەستێرەکانی دیکەی هێڵی پێشەوە لەناو سیستمێکی یەکگرتوو و تەبا کۆبکرێنەوە؟

هاوکاریی بەهرەمەندە لاوەکانی وەکوو ئیندێریک، ئاردا گولەر و فرانکۆ ماستانتۆنۆ، دەکرێت رۆڵێکی بنەڕەتی و گرنگ لە پلانە درێژخایەنەکانی سپێشەڵ وەن بگێڕن بۆ بونیادنانی پاشەڕۆژی یانەکە.

ناسنامەیەکی نوێ لە بێرنابیۆ؛ بونیادنانەوەی ریشەیی نەک تەنیا ناوبانگ

لە سەروو هەر گرێبەستێکی نوێ و کڕینی هەر ئەستێرەیەکەوە، گەورەترین ئاڵەنگاری بەردەم مۆرینیۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگییە بۆ پێکهاتەیەک کە پڕە لە بەهرەی تاکەکەسی بەڵام یەکگرتوویی و تەبایی تاکتیکی تێدا نییە.

مێژووی مۆرینیۆ لەگەڵ ریال مەدرید شایەدی سەرکەوتنی گەورەیە؛ وەرزی 2011-2012 یەکێک بوو لە شکۆدارترین و مێژوویترین وەرزەکانی یانەکە کاتێک توانیان بە شکاندنی سەرجەم ریکۆردەکان نازناوی لالیگا بەدەستبهێنن.

ئێستا و پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە دەیەیەک، ئەم ستراتیژیستە پورتوگالییە رووبەڕووی هەمان ئەرکی قورس بووەتەوە: گۆڕینی کۆمەڵێک ئەستێرەی گەشاوە بۆ تیمێکی یەکگرتووی وا کە توانای جەنگان و کێبڕکێکردنی هەبێت لەسەر سەرجەم نازناوە گەورەکان.

بابەتی زیاتر

Back to top button