
یاریگا –
دوای ئەو شکستە کارەساتبارەی ئەیسی میلان بەرامبەر کالیاری لە سان سیرۆ کە بووە هۆی لەدەستدانی بلیتی چامپیۆنزلیگ، داهاتووی لوکا مۆدریچ بەرەو دوورکەوتنەوە لە لاکێشە سەوزەکان دەڕوات.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، رەنگە مۆدریچ شایستەترین کۆتایی بۆ کاروانەکەی هەڵبژێرێت، ئەویش وازهێنانە پاش بەشداریکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە جامی جیهانی 2026 کە لە 11ـی حوزەیران دەستپێدەکات.
گەڕانەوە بۆ ریال مەدرید چاوەڕێیەتی
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، مۆدریچ زیاتر لە وازهێنان نزیکە تاوەکوو نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی. فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی شاهانە، لە مەراسیمی ماڵئاوایی وەرزی رابردووی مۆدریچ و ئانچێلۆتی بەڵێنی دا کە دەرگاکانی ریال مەدرید بۆ ئەو هەمیشە کراوەن کاتێک بڕیاری وازهێنان دەدات.
بەرپرسانی ریال مەدرید پێیان وایە مۆدریچ دەتوانێت لە رۆڵێکی کارگێڕی، وەکوو بەڕێوەبەری وەرزشی، راوێژکار یان بەرپرسێکی باڵا سەرکەوتوو دەبێت و پێشوازی لە گەڕانەوەی دەکەن.
El Real Madrid espera a Modric con los brazos abiertos
✍️@As_TomasRoncero https://t.co/xFxRt0Cy6Y
— Diario AS (@diarioas) May 28, 2026
کاریگەرییە گەورەکەی لە ئیتالیا
لە ماوەی ئەم وەرزەدا، ناوەڕاستکارە دێرینەکە یارمەتی تیپەکەی ماسیمیلیانۆ ئالێگری دا تاوەکوو کۆتا گەڕەکانی خولی ئیتالی لە کێبڕکێی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ بمێننەوە. لە 35 یارییدا کە زۆربەیان وەکوو یاریزانی سەرەکی بەشداریی کرد، 2 گۆڵ و 3 ئەسیستی کرد، وەکوو هەمیشە ئارامی و سەرکردایەتی بەخشییە هێڵی ناوەڕاست، بەڵام نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لە یاریی بەرامبەر یۆڤێنتوس تووشی پێکان هات؛ لەوکاتەوە میلان نەیتوانی قەرەبووی ئامادەنەبوونی بکاتەوە و لە کۆتاییدا بۆ یۆرۆپالیگ دابەزین.



