
یاریگا –
سەرڕای ئەوەی نێوانی ڤینیسیۆس جونیۆر و ریال مەدرید بەرەو رێککەوتن دەچوو، بەڵام جارێکی دیکە پڕۆسەی نوێکردنەوەی گرێبەستی نێوانیان تووشی سستی بووەتەوە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆکانی نێوان ڤینیسیۆس و ریال مەدرید بەتەواوەتی وەستاوە و بڕیارە لەدوای مۆندیالی 2026 گەڕێکی دیکە گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە.
کەمکردنەوەی مەرجەکان و چەقبەستوویی دانوستانەکان
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرای کردووە، جۆنیۆر بۆ نزیکبوونەوە لە رێککەوتن، داواکارییە داراییەکانی خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە؛ بە جۆرێک کە سازشەکانی ئەو زۆر زیاتر بوون لەو بڕە پارەیەی ریال مەدرید بۆ ئۆفەرە نوێیەکەی زیادی کردووە. لە کاتێکدا رێککەوتنەکە لە هەموو کاتێک نزیکتر بوو، بەڵام بەهۆی یەکلایینەکردنەوەی هەندێک وردەکاری لەلایەن یانەکەوە، گفتوگۆکان دووبارە راوەستان.

بڕیاری کۆتایی؛ مانەوە لە وەرزی 2026/2027
ڤینیسیۆس بڕیاری هەمیشەیی خۆی داوە و لەژێر هەر بارودۆخێکدا بێت، وەرزی داهاتوو لەگەڵ لۆس بلانکۆس دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر لەم ماوەیەدا گرێبەستەکەشی نوێ نەکرێتەوە، ئەو بە هیچ شێوەیەک لە هاوینی ئەمساڵدا بیر لە جێهێشتنی بێرنابیۆ ناکاتەوە و دەیەوێت بەردەوام بێت.

مۆندیال و گۆڕانی هاوکێشەی هێز
بڕیاردراوە سەرجەم گفتوگۆکانی تایبەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە بخرێنە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی جامی جیهانی 2026، ئەم دواخستنەش زیاتر لە بەرژەوەندی ئەستێرە بەڕازیلییەکەیە، چونکە تێپەڕبوونی کات و درەوشانەوەی ئەگەری لە مۆندیالدا، خاڵی بەهێز و پێگەیەکی رکابەری باڵاتری پێدەبەخشێت لەسەر مێزی دانوستاندن.

هۆشدارییەکی توند بۆ ریال مەدرید
پلانی سەرەکی ڤینیسیۆس هەمیشە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بووە، بەڵام هێڵی سووری خۆی بۆ کارگێڕیی یانەکە کێشاوە؛ ئەگەر مێرەنگی هەنگاوی کۆتایی نەنێت، یاریزانەکە بڕیاریداوە تاوەکوو کۆتایی ماوەی گرێبەستەکەی ئێستای پابەند بێت و لە داهاتوو بە شێوەی ئازاد و بێبەرامبەر یانەکە جێبێڵێت؛ دۆخێک کە زیانێکی دارایی و وەرزشی گەورە لە ریال مەدرید دەدات ئەگەر رووبدات.



