Loading...
ئه‌وروپاجیهانگرنگترین

چەکێکی نوێ لە دەستی راهێنەران بۆ دیاریكردنی هەڵەی ناوبژیوانان

هەموو شتێک لەسەر شۆڕشی نوێی فیفا بزانه‌

Yariga App

یاریگا –

جیهانی تۆپی پێ بەرەو قۆناخێکی نوێ هەنگاو دەنێت، ئەم وەرزە تەکنەلۆژیایەکی نوێ بەناوی ئێف ڤی ئێس (پشتیوانی ڤیدیۆیی بۆ تۆپی پێ) لە خولەکانی لیگا ئێف و پریمێرا فێدێراسیۆن تاقیدەکرێتەوە، کە وەک “فریادڕەسێکی نوێ” بۆ ناوبژیوانان و دادپەروەریی وەرزشی وەسف دەکرێت.

ئه‌م سیسته‌مه‌ ئێستا له‌ خوله‌كانی،نایابی خانمانی ئیسپانیا،خولی پلە سێی پیاوانی ئیسپانیا و له‌ ئیتالیاش له‌ خوله‌كانی پله‌ چوار جێ به‌جێ ده‌كرێت.

ئێف ڤی ئێس چییە و چۆن کار دەکات؟

ئەم تەکنەلۆژیایە وەک وەشانی “بچووککراوە” و هەرزانتر لە سیستەمی ڤار دادەنرێت. پریێتۆ ئیگلیسیاس، بەرپرسی ئەم تەکنەلۆژیایە لە ئیسپانیا، بۆ رۆژنامەی ئاس دەڵێت،

“ئەم دوو سیستەمە وەک زۆر لێكنزین، بەڵام فەلسەفەی کارکردنیان تەواو جیاوازە.”

جیاوازییە گەورەکە ئەوەیە کە لە ئێف ڤی ئێسـدا، راهێنەرەکان خۆیان مافی ئەوەیان هەیە داوا لە ناوبژیوان بکەن پێداچوونەوە بۆ دیمەنێکی گوماناوی بکات، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە سەر شانی راهێنەران.

ستایشی جیهانی و پشتگیریی فیفا

ئیسپانیا و ئیتاڵیا وەک تاقیگەی ئەم پڕۆژەیە هەڵبژێردراون، پێرلویجی کۆلینا، سەرۆکی ناوبژیوانانی جیهان، بە وردی چاودێری پلانە ستراتیژییەکەی لیژنەی ناوبژیوانانی ئیسپانیا دەکات. ئاستی رەزامەندی لەسەر ئەم سیستەمە گەیشتووەتە 8.5 لە 10 ، نەک تەنیا لای فیفا، بەڵکو لای راهێنەران و یاریزانانیش.

ئینێس پێرێرا، گۆڵپارێزی یانەی دیپۆرتیڤۆ، دەڵێت،

“ئەم ئامرازە یارمەتی دادپەروەری دەدات، هەروەها ئارتورۆ رویز، راهێنەری تیمی خانمانی ریاڵ سۆسیداد، ئاماژە بەوە دەکات کە بەبێ ئەم سیستەمە، ریزبەندی خولەکە ئێستا زۆر جیاواز دەبوو.

“فێڵەکان” و کەلێنەکانی یاساکە

سەرەڕای سەرکەوتنەکەی، هەندێک کێشە سەری هەڵداوە، هەندێک یانە بۆ کات کوشتن یان بۆ فشار خستنە سەر ناوبژیوان بۆ دەرکردنی کارتی زەرد و سوور بۆ رکابەرەکانیان، داوای پێداچوونەوە دەکەن، پریێتۆ ئیگلیسیاس دەڵێت،

“ئێمە هەستمان بەم جۆرە فێڵانە کردووە، یانەکان یاسا ناشکێنن بەڵام کەلێنەکان بەکاردەهێنن، فیفاش خەریکی چاککردنی ئەم خاڵانەیە.”

ئامارەکان چی دەڵێن؟

سەیرە کە یانەکان هێندەی پێشبینی دەکرا ئه‌مه‌ بەکارناهێنن. لە کۆی چوار هەلی گونجاو بۆ پێداچوونەوە لە هەر یارییەکدا، راهێنەران تەنیا دوو جار داوای دەکەن. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە یانەکان هەمیشە هەڵەکان لە ناو یاریگادا نابینن. هەروەها ئامارەکان دەریدەخەن کە تەنیا 12٪ بۆ 13٪ی ئەو داواکارییانەی ڕاهێنەران، دەبنە هۆی گۆڕینی بڕیاری ناوبژیوان.

ئێستا کەسانێکی وەک مارتا فریاس و پریێتۆ ئیگلیسیاس لە کۆنگرە نێودەوڵەتییەکاندا ئەزموونی ئیسپانیا لەم بوارەدا بڵاو دەکەنەوە و دەیانەوێت ئەم سیستەمە وەک مۆدێلێکی جیهانی جێگیر بکەن.

ئایا FVS جێگەی VAR دەگرێتەوە؟

بەرپرسان دەڵێن هێشتا زووە باس لەوە بکرێت، رەنگە لە داهاتوودا سیستەمێکی تێکەڵاو (Hybrid) دروست بێت، بەڵام ئێستا ئامانجەکە ئەوەیە FVS جێگیر ببێت و وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی هەڵەکان بەکاربهێنرێت بەبێ ئەوەی ڕیتمی یارییەکە تێکبدات.


بابەتی زیاتر

Back to top button