ئاڵۆنسۆ: دەمەوێت بزانم ئەگەر مۆرینیۆ یان ئانچێلۆتی لێرەبوونایە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکە دەکرد
میستەر بە دۆخێکی سەخت و پڕ لە ئاڵنگاری تێدەپەڕێت

یاریگا –
چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید دەیەوێت بگاتە ئەو هزرەی ئەگەر کارلۆ ئانچێلۆتی یاخود جۆزێ مۆرینیۆ لە ریال مەدرید بوونایە، لەم دۆخەدا و بەر لە یاریی ئۆڵمپیاکۆس چییان دەکرد.
ئەمشەو مەدرید لە ئەسینا دەبێتە میوانی ئۆڵمپیاکۆس، کەتیبەکەی ئاڵۆنسۆ هەوڵی گەڕانەوە بۆ رێچکەی بردنەوەکان دەدات، دوای دوورکەوتنەوەی لە تامی بردنەوە لە سێ یاریی رابردوودا.
ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ بە لیڤەرپوول دۆڕا، دواتر لە لالیگا بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ و ئێڵچێ یەکسانبوو. مەدرید بە جیاوازی یەک خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنا پێشەنگی لالیگایە، لە چامپیۆنزلیگش سێ خاڵ لە دوای بایرن میونشنی پێشەنگەوە دێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا، ناکۆکی و نائارامی نێو ژووری جلگۆڕینی مەدرید، رۆژەڤی میدیاکان بووە، ئاڵۆنسۆ بەر لە یارییەکەی ئەمشەو روونیکردەوە؛
نامەوێت باسی رووداوەکانی ئێستا بکەم و باسیشی ناکەم، چونکە دەزانم چی دەگوترێت، ئەم قسانەش وامان لێناکات، سەرنجمان لەسەر بابەتە گرنگەکان نەمێنێت. پێویستە بزانین چۆن دۆخەکە بەڕێوەببەین.
دەرەنجامی ئەنجامە خراپەکان دەزانین، بەڵام ئەمە لە رێچکەی پلانداڕێژراوی خۆمان دوورمان ناخاتەوە، مامەڵەکردن لەگەڵ یاریزانان بە دۆخی قۆناخی تێدەپەڕێت، دەبێ بزانین چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین.
لەگەڵ یاریزانی ناوازە کار دەکەم، توانای زۆر بەرزیان هەیە. ئەمەش تایبەتمەندی کارکردنە لە ریال مەدرید، کە کەسایەتی لەم ئاستەیان تێدایە.
🎙️ @XabiAlonso 🎙️
📺 Rueda de prensa ➡️ RM Play— Real Madrid C.F. (@realmadrid) November 25, 2025
ئاڵۆنسۆ دووپاتیکردەوە، چێژ لە کارکردن لە ریال مەدرید وەردەگرێت، سەرەڕای ئەو دۆخانەی پێی تێدەپەڕێت؛
هەرچەندە شەش مانگی دەستپێکی من لێرە زۆر بە خێرایی تێپەڕین، بەڵام بابەتەکان بەگوێرەی پلان جێبەجێ دەکرێن. ئەم کارە پێویستی بە ماندووبوونی زۆر هەیە، جیا لەمەش ساتی زۆر ناوازەی تێدایە، بەڵام بەردەوام دەبێ بە سەرنجەوە کار بکەین.
یەکەم راهێنەر نیم تووشی ئەم دۆخە دەبمەوە، زۆر بیر لەوە دەکەمەوە، ئەگەر کارلۆ ئانچێلۆتی یان جۆزێ مۆرینیۆ یاخود مانوێل پێلێگرینی لێرەبوونایە، چییان دەکرد، چونکە من کارم لەگەڵ هەرسێ راهێنەردا کردووە.



