چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش؛ ئەو منداڵە کێیە ئەمشەو هاندەرانی ریال مەدرید یادی دەکەنەوە؟
تیفۆی ئەمشەوی ریال مەدرید منداڵێکی ئایکۆنی دەبێت

یاریگا –
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی ئۆکتۆبەری 2025 ریال مەدرید لە یارییەکانی گەڕی سێیەمی چامپیۆنزلیگ کاتژمێر 22:00 بەکاتی هەولێر لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری یوڤێنتوس دەکات.
هاندەرانی ریال مەدرید تیفۆیەکی سەرنجڕاکێشیان بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەکردووە و چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش لەپشت ئەو تیفۆیە هەیە. تیفۆکە وێنەی منداڵێکە چاکەتێکی سەوزی لەبەردایە و ملپێچێکی ریال مەدریدی بەرزکردووەتەوە، لای هەمووان بووەتە پرسیار کە ئەو منداڵ کێیە؟.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، ئەو منداڵە لوکاس ڤاسکێس، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدریدە، ڤاسکێس لە ئەکادیمیای ریال مەدرید پێگەیشتووە و 18 ساڵ خزمەتی بە ریال مەدرید کردووە، چیرۆکی وێنەکەش بۆ ئەوکات دەگەڕێتەوە کە ڤاسکێس بە منداڵی لە یارییەکی کلاسیکۆ ئامادە بووە و ئەو وێنەیەی گیراوە.
لوکاس ڤاسکێس لە ساڵی 2017 بەر لە یاریی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا ئەو وێنەیەی بڵاوکردووەتەوە کە لەوکاتەوە بووەتە وێنەیەکی ئایکۆنی لەلای هاندەرانی یانەکە.
🏟️🙌 Probablemente, uno de los tifos más emotivos que verás: será hoy en el Bernabéu pic.twitter.com/TbDKUwdXPc
— MARCA (@marca) October 22, 2025
هاوکات لوکاس ڤاسکێس مێژوویەکی لەیادنەکراوی بەرامبەر یوڤێنتوس هەیە کاتێک هەردوو یانە لە 2018 لە قۆناجی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووبوونەوە، ریال مەدرید یاریی یەکەمی 3-0 بردبووەوە، لە یاریی گەڕانەوە یوڤێنتوس ریمۆنتادایکرد و 3-0 پێشکەوت، بەڵام لە کۆتا خولەکی یارییەکە ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ ڤاسکێس هەژمارکرد، کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵی سەرکەوتنی یانەکەی بۆ قۆناخی پێشکۆتایی کرد.
ئەو لێدانە سزایە تاوەکو ئێستا بەردەوام مشتومڕی لەسەر دەکرێت و یاریزانان و هاندەرانی خانمە پیرەکە بڕوایان وایە ستەمیان لێکراوە، هاندەرانی ریال مەدریدیش ئەمشەو بەهۆی ئەو رووداوە گەورەیە بە تیفۆی لوکاس ڤاسکێس پێشوازی لە یوڤێ دەکەن.



