Loading...
ئیسپانیا

ریڤالدۆ : تەنیا بە مەرجێک یامال دەتوانێت باڵۆن دۆر بباتەوە

رافینیا ستەمی لێکرا

Yariga App

یاریگا –

ئەفسانەی بەڕازیلی و براوەی پێشووی باڵۆن دۆر ریڤاڵدۆ دەڵێت، لامین یامال پێویستی بەوەیە گۆڵی زیاتر تۆمار بکات.

ریڤاڵدۆ، ئەفسانەی بەڕازیلی بارسێلۆنا و براوەی باڵۆن دۆری ساڵی 1999، لە چاوپێکەوتنێکدا هەڵسەنگاندنی بۆ هەڵبژاردنی عوسمان دێمبێلێ وەک براوەی باڵۆن دۆر و پێگەی لامین یامال لە دەنگدانەکاندا کرد. بە گوتەی ئەو، یامال هەموو سیفەتێکی پێویستی هەیە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە لە داهاتوودا، بەڵام مەرجی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی ئەو تۆپە ئالتوونییە زیادکردنی ژمارەی گۆڵ و ئەسیستەکانییەتی وەک میسی و رۆناڵدۆ، تەنیا یاریکردنی جوان بەس نییە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە ریزبەندی رافینیا کرد لە دەنگدان و گوتی:

نائومێد بووم کە رافینیام لە پلەی پێنجەمدا بینی. رافینیا زۆرترین گۆڵی لە نێوان پێنج باشترینەکاندا تۆمار کردبوو، تەنانەت بوو بە گۆڵکاری چامپیۆنزلیگ، دەبووایە لە پلەکانی سەرووتر بێت یان تەنانەت دەیتوانی خەڵاتەکەش بباتەوە، کرانە دەرەوەی بارسا لەلایەن ئینتەرمیلانەوە و نەگەیشتنە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، چانسی یامال و رافینیای کەم کردەوە.

سەرەڕای رەخنەکان، ریڤاڵدۆ ستایشی دێمبێلێی کرد و گوتی:

دێمبێلێ وەرزێکی نایابی بەڕێکرد، گۆڵی زۆری تۆمارکرد و چەندان هەلی گۆڵیشی رەخساند و نزیکەی هەموو نازناوەکانی لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەدەستهێنا، ئەو ئەستێرەی سەرەکی تیپەکەی بوو و شایەنی ئەوە بوو ئەم خەڵاتە بەدەستبهێنێت.

ریڤاڵدۆ لە کۆتاییدا باسی بردنەوەی باڵۆندۆری لە سەردەمی ئێستا کرد و گوتی:

 هەموو سەردەمێک ئەستێرەی خۆی هەیە، ئەم خەڵاتە هەمیشە دەدرێتەو ئەو یاریزانەی کە زۆرترین کاریگەری لە وەرزێکدا هەبووە، چ لە رووی گۆڵەوە بێت، چ لە رووی ئەسیستەوە بێت یان پاڵەوانێتی. ئەگەر لامین یامال لەسەر هەمان رێگا بەردەوام بێت، ئەوا زوو یان درەنگ ئەم خەڵاتە بەدەست دەهێنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button