پاڵەوانی مۆندیال دەبێتە براوەی باڵۆن دۆریش؟ ماڵپەڕی فەرمی باڵۆن دۆر وەڵامەکە ئاشکرا دەکات
ماڵپەڕی فەرمی باڵۆن دۆر کۆتایی بە سەرجەم مشتومڕەکان دەهێنێت

یاریگا –
ماڵپەڕی فەرمی باڵۆن دۆر کۆتایی بە مشتومڕەکان دەهێنێت و یەکلایی دەکاتەوە مۆندیال کاریگەری لەسەر براوەی باڵۆن دۆر دەبێت یاخود نا.
ماڵپەڕی فەرمی باڵۆن دۆر بڵاویکردووەتەوە، لەگەڵ هەموو مۆندیالێک بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە پاڵەوانی مۆندیال، باڵۆن دۆریش دەباتەوە، بۆ ئەوەی بزانین تاوەکوو چەند ئەمە راستە شیکارییەکمان بۆ دوایین وەشانەکانی پاڵەوانێتییەکە کردووە.
گەیشتینە قۆناخی دەرکردنی مۆندیالی 2026، ئیتر هیچ بوارێک بۆ هەڵەکردن نەماوەتەوە، باشترین یاریزانەکان پێویستە یەکلاییکەرەوە بن بۆ ئەوەی هەڵبژاردەکانیان تاوەکوو کۆتایی پاڵەوانێتییەکە ببەن، دەبێت ئاستێک پێشکەش بکەن کە دەرفەتی بردنەوەی باڵۆن دۆریان بۆ بڕەخسێنێت، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە بۆ بردنەوەی گەورەترین خەڵاتی تۆپی پێ “باڵۆن دۆر” پێویستت بە بردنەوەی مۆندیال دەبێت؟

بۆ وەرگرتنی وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستە ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، بۆبی چاڕڵتن لە 1966، پاولۆ رۆسی لە 1982 و لۆتەر ماتیوس لە 1990، هەر هەموویان لە هەمان ساڵ بوونە پاڵەوانی مۆندیال و باڵۆن دۆریان بردەوە، بەڵام لە 1995 بەدواوە کە باڵۆن دۆر لە خەڵاتێکی قۆرخکراوی ئەوروپییەوە بوو بە خەڵاتێکی جیهانیی. گۆڕانکاری سەرنجڕاکێش روویداوە.
رێژەی سەرکەوتن تەنیا %57ـە!
لە 1998 زینەدین زیدان هیچ گومانێکی نەهێشتەوە و پاش بردنەوەی مۆندیال لە خاکی خۆیاندا باڵۆن دۆریشی بردەوە، لە 2002 رۆناڵدۆی دیاردە هەمان رێچکەی گرتەبە و مۆندیال و باڵۆن دۆری بردەوە، بەدوای ئەویش فابیۆ کاناڤارۆ دوای بردنەوەی مۆندیالی 2006 لەگەڵ ئیتاڵیا، دواتر باڵۆن دۆریشی بردەوە، بەڵام لێرەوە چیرۆکەکە بۆ ماوەیەکی دریژخایەن کۆتاییهات.
لە 2010 لیۆنێل مێسی ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەشکرد، سەرەڕای ئەوەی چاڤی و ئینێستا بوونە پاڵەوانی مۆندیال بەڵام مێسی باڵۆن دۆری بردەوە، لە 2014 سەرەڕای ئەوەی مێسی گەیشتە یاریی کۆتایی و مانویل نۆیەر بووە پاڵەوانی مۆندیال بەڵام کریستیانۆ بەهۆی ئاستە بەرزەکەی لەو وەرزەدا باڵۆن دۆری بردەوە، لە 2018 لوکا مۆدریچ گەیشتە یاریی کۆتایی مۆندیال بەڵام لە باڵۆن دۆر سەرکەوت بەسەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ و وەکوو دوایین یاریزان بەبێ بردنەوەی مۆندیال باڵۆن دۆری بردەوە.

لە مۆندیالی 2010 تاوەکوو 2018 هیچ پاڵەوانێکی مۆندیال باڵۆن دۆری نەبردەوە، بەڵام لە مۆندیالی 2022 دیسان چیرۆکە کۆنەکە سەریهەڵدایەوە و مێسی دوای بەدەستهێنانی مۆندیال، باڵۆن دۆریشی بردەوە، بەمەش ژمارەی ئەو یاریزانانەی لە هەمان ساڵ باڵۆن دۆر و مۆندیالیان بردووەتەوە گەیشتە حەوت یاریزان، بەڵام لەدوای 1995 تەنیا چوار یاریزان لە یەک ساڵ مۆندیال و باڵۆن دۆریان بردووەتەوە.
ماڵپەڕی باڵۆن دۆر روونیکردووەتەوە، دوای ئەو شیکارییە بەگوێرەی ئامارەکان دەرکەوتووە مۆندیال %57 یارمەتیدەرە بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر، بەڵام بردنەوەی خەڵاتەکە مسۆگەر ناکات، بۆ ئەوەی باڵۆن دۆر ببەیتەوە پێویستە لە تەواوی وەرزەکە ئاستیکی باش پێشکەش بکەیت.
Do you have to win the World Cup to win the Ballon d’Or? 🤔
🔗 The answer: https://t.co/tfAgH4K38h#ballondor #worldcup pic.twitter.com/tokvrYSW2r
— Ballon d’Or (@ballondor) June 28, 2026



