
یاریگا –
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێڵۆنا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئامادەبوو بۆ قسەکردن لەسەر یاریی داهاتووی یانەکەی بەرامبەر ریاڵ سۆسیداد و سەبارەت بە دۆخی یانەکە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
سەبارەت بە یارییەکەی سۆسیداد، فلیک گوتی،
ریاڵ سۆسیداد شێوازێکی یاریکردنی روونیان هەیە، دەیانەوێت لە دواوەوە یاری بنیات بنێن و لە پێشەوە هێرشبەرێکی نایابیان هەیە، ئەوان بەهێز و خێران، بەڵام ئێمەش یاریزانی باشمان هەیە، ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی نیشانی بدەین چەندە بەهێزین.”
لەسەر پێکانەکەی خوان گارسیا و جێگرتنەوەی بە چێزنی، فلیک رایگەیاند: ”
ئەوە شتێکی ناخۆشە کە خوان گارسیا ئامادە نییە، ئەو ئاستێکی زۆر باشی پێشکەش دەکرد، لە یارییەکەی بەرامبەر ئۆڤیێدۆ تووشی پێکان بوو، ئەم شتانە ڕوودەدەن، ئێستا چێزینی گەڕاوەتەوە، کاتێک سەیری نیوەی دووەمی وەرزی ڕابردوو دەکەین، دەبینین کە نزیکەی هەموو یارییەکانمان بە چێزنی بردەوە و ئەو ئامادە بوو، هەروەها سێ نازناومان لەگەڵیدا بەدەستهێنا، ئەو گۆڵپارێزێکی نایاب و کەسایەتییەکی نایابی ههیه، من هیچ گومانێکم له ئاستی ئهو نییە.”
سەبارەت بە گەڕانەوەی لامين یامال و ئەگەری یاریکردنی، فلیک گوتی،
“چ لەسەر کورسی یەدەگ بێت یان بە سەرەکی یاریی بكات، تیمەکە ئامادەیە، لامين بە دڵنیاییەوە خولەکی یاریکردن بەدەست دەهێنێت.”
لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پێی باشە لامين بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بکرێتەوە یان پشوو وەربگرێت، فلیک گوتی
“ئەمە کاری من نییە، ئەمە ئەرکی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیایە، ئەگەر بانگهێشتی بکات، ئەوە بڕیاری خۆیەتی.”
سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی گۆڕانکاریی زۆر بۆ پشوودان بە یاریزانان پێش یاریی پاریس سانجێرمان، فلیک جەختی کردەوە:
“تەرکیزی ئێمە هەمیشە لەسەر یاریی داهاتووە، کە ئێستا بەرامبەر سۆسیدادە، دواتر دەبینین چۆن خۆمان بۆ یارییەکەی پاریس ئامادە دەکەین، گرنگترین شت تەرکیزکردنە لەسەر یارییەکەی سۆسیداد، چوار بردنەوەی لەسەریەکمان هەیە و دەبێت بەردەوام بین، دەمانەوێت هەمان شێوازی وەرزی ڕابردوو نیشانی هاندەران بدەینەوە، بەبێ گوێدانە ئەو پێکانانەی له تیپهكهی ههمانه، ئێمە تەرکیزمان لەسەر یاریزانە ئامادەکانە.”
لەسەر ئەوەی چ شتێک لە یاریی دێربیی مەدریددا گرنگە بۆ ئهو، راهێنهره ئهڵمانیهكه بە پێکەنینەوە گوتی
“یارییەکە کاتژمێر 4:15 ، وایە؟ پێموایە سەیری یارییەکە دەکەین، من سەیری یاریی زۆر دەکەم و بۆ من پاشنیوەڕۆیەکی باش دەبێت چونکە سەیری ئەم یارییە دەکەین، ئەوان دوو تیمی نایابن و من بە پەرۆشم بۆ سهیركردنی یارییهكه.
لەوەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی تۆنی فێرناندێز و ئامادەیی بۆ تیمی یەکەم، فلیک رایگەیاند
“پێموایە هەمیشە باشترە بە باشترین یاریزانان یاری بکرێت، هەمووان دەتوانن گەشە بکەن و لە یاریزانانی تیمی یەکەمەوە فێر بن، تۆنی یەکێکە لە بژاردەکان، دەزانم لە یارییەکانی رابردوودا یاری نەکردووە، بەڵام بژاردەیەکی باشە.”
لەکۆتاییدا، لەبارەی فشارەکان و پێکانە زۆرەکان، فلیک گوتی
“ئەمە بەشێکە لە کارەکەم، وەک راهێنەر و بەتایبەتی بۆ بارسێلۆنا، ئەم شتانە روودەدەن، من حەزم لەمەیە، ئەمە ئاڵنگارییە بۆ من، پێموایە تیمێکی نایابمان هەیە، یاریزانمان لە تیمی لاوانیشەوە هەیە، بەڵام هەمیشە تەرکیزمان لەسەر ئەوەیە کە هێمانە و دەبێت بەپێی ئەوەی لەبەردەستمانە مامەڵە بکەین.