پێكهاتهی باڵۆن دۆر چیه و نرخی چهنده؟ چۆن باشترین یاریزان ههڵدهبژێردرێت؟
ههموو زانیارییهك لهسهر پێكهاتهی خهڵاته و شێوازی ههڵبژاردنهكه بزانه

یاریگا –
ئەمشەو چاوی ملیۆنان هۆگری تۆپی پێ لە سەرتاسەری جیهان، لەسەر شانۆی تیاتری دو شاتلێ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەبێت، كاتژمێڕی 09:00 بهكاتی ههولێر براوهی باڵۆن دۆر ئاشرا دهكرێت
ئایا دەزانیت براوەکە چۆن هەڵدەبژێردرێت و تۆپە زێڕینەکە لە چی پێکهاتووە؟ وردەکاریی تەواوی پرۆسەی دەنگدان و نهێنییەکانی پشت پێکهاتەی ئەم خەڵاتە بزانه.
ههنگاوهكانی دیاریكردنی باشترین یاریزانی جیهان
هەنگاوی یەکەم: دیاریکردنی لیستی پاڵێوراوەکان
سەرەتا، دەستەی نووسەرانی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ بە ڕاوێژ لەگەڵ شارەزایانی تۆپی پێ، لیستێکی سەرەتایی دروست دەکەن کە 30 باشترین یاریزانی جیهانی لەخۆدەگرێت بۆ ئەو وەرزە کە لە مانگی ئابەوە تا مانگی تەمموزی ساڵی دواتر هەژمار دەکرێت.
ئەم لیستە لەسەر بنەمای ئاست و دەستکەوتەکانی یاریزانەکان لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکانیان دادەنرێت.
هەنگاوی دووهم، پێوەرەکانی هەڵبژاردن
رۆژنامەنووسان لە کاتی دەنگداندا داوایان لێدەکرێت پشت بە سێ پێوەری سەرەکی ببەستن:
- ئاستی تاکەکەسی و کاریگەریی یاریزان (گرنگترین پێوەر): ئاستی هونەری، گۆڵ، ئەسیست، و ئەو کاریگەرییەی کە یاریزانەکە لەسەر ئەنجامی یارییەکان هەیبووە.
- دەستکەوتە بەکۆمەڵەکان: ئەو نازناوانەی کە لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی بەدەستی هێناوە (وەک چامپیۆنزلیگ، جامی جیهانی، یان خولە ناوخۆییەکان).
- رەوشتی وەرزشی و یاریی خاوێن:رێزگرتن لە رکابەر و پابەندبوون بە رۆحی وەرزشی.
هەنگاوی سێیهم: پرۆسەی دەنگدان
دەنگدەران پێکدێن لە 100 ڕۆژنامەنووسی وەرزشی لە سەرتاسەری جیهان، هەر رۆژنامەنووسێک نوێنەرایەتی یەکێک لە 100 وڵاتی یەکەمی ریزبەندیی فیفا دەکات، ئەمەش بۆ دڵنیابوونە لەوەی کە دەنگدەران شارەزایی و تێڕوانینێکی جیهانییان هەیە.
هەر رۆژنامەنووسێک لە لیستی 30 یاریزانەکە، پێنج یاریزان هەڵدەبژێرێت و بەم شێوەیە ڕیزبەندیان دەکات:
یاریزانی یهكهم شهش خاڵ، یاریزانی دووهم چوار خاڵ، یاریزانی سێیهم سێ خاڵ، یاریزانی چوارهم دوو خاڵ یاریزانی پێنجهم تهنها یهك خاڵ.
هەنگاوی چوارەم: کۆکردنەوەی خاڵەکان و راگەیاندنی براوە
دوای ئەوەی 100 ڕۆژنامەنووسەکە دەنگەکانیان دەنێرن، گۆڤاری فرانس فوتبۆڵهەموو خاڵەکان کۆدەکاتەوە.
- ئەو یاریزانەی زۆرترین کۆی خاڵەکانی بەدەستهێنابێت، بە فەرمی وەک براوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین و باشترین یاریزانی جیهان بۆ ئەو ساڵە ڕادەگەیەنرێت.
- ڕاگەیاندنی براوە لە ئاهەنگێکی گەورە و تایبەتدا دەبێت کە ساڵانە لە پاریس بەڕێوەدەچێت و تێیدا خەڵاتەکە پێشکەش بە یاریزانی براوە دەکرێت.
پێکهاتە و کەرەستەکان بالۆن دۆر
لە بنەڕەتدا، خەڵاتەکە لە ماددەی پایریت دروستکراوە، کە جۆرە کانزایەکە وەک بەردێکی سروشتی وایە، ئەمە بنچینە و قاڵبی سەرەکیی خەڵاتەکەیە.
دوای ئەوەی قاڵبی تۆپەکە دروست دەکرێت، بە چینێکی تەنک لە زێڕی عەیارە 18 رووکەش دەکرێت، واتە خەڵاتەکە زێڕی رەها نییە، بەڵکو بەرگێکی زێڕینی هەیە.
ناوەوەی تۆپەکە لە ماددەیەک دروستکراوە کە لە مۆم (شەمع) دەچێت، دوای تەواوبوونی قاڵبەکە، ئەم ماددەیە دەتوێنرێتەوە
لۆگۆی “France Football” و ناوی براوەی خەڵاتەکە لەسەر پلێتێکی مسی زێڕین هەڵدەکۆڵرێت و لەسەر بنکەی خەڵاتەکە دادەنرێت.
قەبارە و کێش و نرخی بالۆن دۆر
بەرزی تۆپی زێرین 31 سانتیمەتره ههروهها پانیهكهی 23 سانتیمەتره، کێشی خەڵاتەکە نزیکەی 7.2 کیلۆگرامه
نرخی ماددە بەکارهاتووەکان بەتایبەت ئەو بڕە زێڕەی تێیدا بەکارهاتووە بە نزیکەی 3,000 یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.